پەیامی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە 32هەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا
2020-03-16 13:51     1618 جار بینراوە      کۆمێنت
بەبۆنەی 32 هەمین ساڵیادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجەی شەهید لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، كۆسرەت رەسوڵ عەلی پەیامێك ئاڕاستە دەكات، كە ئەمە دەقی پەیامەكەیە:
ئەمڕۆ 16ی ئازار، 32 ساڵ تێپەڕدەبێ بەسەر كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی فاشیستەوە كە لەم كارەساتەدا 5 هەزار هاووڵاتی شارەكە شەهید بوون و چەندانی تریش بریندار بوون، تاوانێكی ئەوەندە دڕندانەبوو هەرگیزاو هەرگیز لەبیرناچێتەوە.
كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعس درێژكراوەی زنجیرە تاوانكارییەكانی تری بەعس بوو كە بەرامبەر گەلەكەمان ئەنجامی دا بە ئامانجی قەتڵوعامكردن و لەڕیشە دەرهێنانی گەلەكەمان و كۆتایی هێنان بە خەباتی رەوای گەلەكەمان دژ بە رژێمە فاشیست و دیكتاتۆرەكان، بەڵام قارەمانی و خۆڕاگری گەلەكەمان هەموو ئەو ئاواتانەی لەگۆڕنا.
ئەمڕۆ كە یادی ئەم تاوانە قێزەونە دەكەینەوە و پەڵەیەكی رەشە بەنێوچەوانی رژێمی لەناوچووی بەعس، جەخت لەوە دەكەینەوە كە دەبێ قوربانیانی ئەم كارەساتە دڕندانە قەرەبوو بكرێنەوە و چارەسەری پێویستیش بۆ برینداران ئەنجام بدرێ و ئەنجامدەران و بەشداران و هاوكارانی ئەم تاوانە بەسزای خۆیان بگەن.
لەدوای تێپەڕبوونی 32 ساڵ بەسەر كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم تاوانە دڕندانەیە دادەنوێنم، دووپاتی دەكەمەوە كە مێژوو سەلماندوویەتی دوژمنانی كورد هەرگیز درێغیان نەكردووەو نایكەن بۆ لەناوبردنی كورد، بۆیە ئەركە لەسەرمان یەكگرتوو بین و خاوەنی یەكگوتاری نەتەوەیی بین و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەكانمان وەلا بنێین.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
بابەتی زیاتر