قوباد تاڵەبانی: هەنگاوی باش نراوە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و نەهێشتنی توندوتیژی لە هەرێم
2023-05-24 00:46     157 جار بینراوە      کۆمێنت
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی کرد لە خاتوو سۆوفی ئەندامی خێزانی شاهانەی بەریتانیا و دۆچێسی ئێدینبێرگ و پێکەوە باسی دواپێشهاتەکانیان کرد.
لەکۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٢٣ی ئایار لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو، باڵیۆز و کونسوڵی گشتی بەریتانیا ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر چەند بابەتێکی هەنووکەیی. قوباد تاڵەبانی سەردانی خاتوو سۆوفی وەک ئەندامێکی کاریگەری خێزانی شاهانەی بەریتانیا بۆ هەرێم بەگرنگ وەسف کرد.
پرسی مافی ژنان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی یەکێک بوو لەو تەوەرانەی باس کران، قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە کە لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی باشیان ناوە بەئاڕاستەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و نەهێشتنی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانمان تەنها بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان نییە، بەڵکو کارمان بۆ ئەوە کردووە کە پەرە بەتوانای گەنجان و ژنان بدەین بۆ ئەوەی ببنە بەشێکی کاریگەرتر لە کۆمەڵگادا.
هەروەها باس لە گرنگیی چارەسەری دەروونی بۆ ئەو کەسانەی لە جەنگ و کارەساتەکان رزگاریان بووە کرا و لەوبارەیەوە باس لە چۆنییەتی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی بەریتانیا کرا، قوباد تاڵەبانی داوای کرد هاوکارمان بن چونکە لە هەرێمی کوردستان پێداویستییەکی زۆری لەو ڕووەوە هەیە.
بابەتی زیاتر