بافڵ جەلال تاڵەبانی: كاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەكە بدرێت
2023-04-02 14:34     249 جار بینراوە      کۆمێنت
دوای بڕیارەكەی دادگای پاریس و راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە، لەپێناو داهاتووی میللەتەكەمان و رێگریكردن لە دروستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە، كاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەكە بدرێت. كۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی كوردستان بفرۆشێت و كۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەك خەزێنەوە.
پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و داهاتی عیراق دیاری بكرێت و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم گەرەنتی بكرێت. سیستەمی بەنزین، نەوت و گازوایلی هەرێمی كوردستان ببەسترێتەوە بە عیراق و بەهەمان نرخ بدرێتەوە بە هاوڵاتیان. نوێنەری هەرێمی كوردستان لە كۆمپانیای سۆمۆ و كۆی سیستەمی نەوت و غازی عیراق هەبێت و بەشێكبن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ساڵانێكە هەوڵ بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان دەدات. بیركردنەوەی دروست، هەماهەنگی و كاری پێكەوەییە نەك دووركەوتنەوە و قووڵكردنەوەی كێشەكان. ناكۆكییە ناوخۆییەكان و تاكڕەوی، قەوارەكەمان لاواز دەكات و هەرێمەكەمان دەخاتە مەترسییەوە نەك كاری هاوبەش و داواكردنی مافەكانمان لە بەغدا. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رووبارێك خوێنی لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی كوردستان رشتووە و هیچ هێز و لایەنێك لە خۆمان بە دڵسۆزتر نازانین بۆ كوردستان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی. هەر بۆیە هەنگاوی لۆژیكی و بەرپرسیارانە، رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا و دەستەبەركردنی مافەكانمانە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
بابەتی زیاتر