قوباد تاڵەبانی و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە

  2023-03-15 21:07      238 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و پێکەوە باسی دواپێشهاتە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان کرد.

لەکۆبوونەوەکەدا کە رۆژی 15ی مارسی 2023 لە سلێمانی بەڕێوەچوو، جەخت لە گرنگی پابەندبوون بە چارەسەرکردنی دەستوریانەی کێشەکان کرایەوە.

لەبارەی پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەردوولا هاوڕابوون کە گرنگە پاش پەسەندکردنی لە پەرلەمان، دەبێت هەردوو حکومەتی فیدرال و هەرێم پابەند بن بە جێبەجێکردنی و نابێت هیچ بیانو و بەربەستێک لەبەردەم دابینکردنی شایستەی داراییەکان دروست بکرێت.

قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەشدا؛ ئەو خاڵانەی پەیوەستن بەهەرێمی کوردستانەوە لە پڕۆژە یاسای بودجەدا هەموویان قابیلی جێبەجێ کردنن، جەختیشی کردەوە هیچ بژاردەیەکی تر نییە جگە لەرێککەوتن لەپێناو بەرژەوەندی گشتییدا.

لەکۆتاییدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی عێراقیشی کرد بۆ سەردانکردنی سلێمانی و  پاڵپشتی خۆی بۆ سەرکەوتنی کابینەکەی دووپات کردەوە و هیوای خواست پێکەوە بتوانن زاڵبن بەسەر تەحەدداکان بۆ ئەوەی خزمەتی باشتری هاوڵاتیان بکرێت.

لەکۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە وەزیرانی پلاندانان و ناخۆ و کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و وەزیری پلاندانانی هەرێم و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری یەکە ئیدارییەکانی گەرمیان و راپەڕین ئامادەبوون.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو