شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: وەک یەک تیم کاربکەن بۆ بەرزکردنەوەى ئاستی زانستی زانکۆکان و پرۆسەى خوێندن
2023-01-23 22:49     258 جار بینراوە      کۆمێنت
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆژى دووشەممە 23/1/2023 لەدوو دیدارى جیادا چاویکەوت بەژمارەیەک لەیاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆو راگرانی کۆلێژەکانی زانکۆى سلێمانی، راپەڕین، چەرمۆ، پۆلیتەکنیک.
لەو دیدارانەدا خاتوو شاناز پیرۆزبایی لێکردن بەبۆنەى دەست بەکاربوونیانەوەو هیواى سەرکەوتنیشی بۆ خواستن لەو ئەرکە نوێیەیاندا، پشتگیری و پشتیوانی خۆشی بۆ سەرخستنی کاروبارەکانیان دەربڕی.
خاتوو شاناز رایگەیاند داواتان لێ دەکەم پلانی پێویست ئامادەبکەن بەپشتبەستن بەلێهاتوویی و شارەزایی و سەرچاوە مرۆییە بەردەستەکان و وەک یەک تیم کاربکەن بۆ بەرزکردنەوەى ئاستی زانستی زانکۆکان و پرۆسەى خوێندن وخزمەتکردنی خوێندکاران.
هاوکات خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد گرنگی پێشخستنی سێکتەرى خوێندنی باڵاى دووپاتکردەوە وەک سێکتەرێکی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و پەروەردەکردن و پێگەیاندنی کادری ئەکادیمی لێهاتووو لەپسپۆڕی جیاجیادا لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی وڵاتدا.
لەو دیدارانەدا یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و راگرانی کۆلێژەکانی زانکۆکانى سلێمانی، راپەڕین، چەرمۆ، پۆلیتەکنیک، پوختەیەکیان لەبارەى ئاستی زانکۆکان و کێشە و ئاستەنگەکان و پلانەکانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە و پێشخستنی بوارەکە پێشکەش کرد، سوپاسى پێشوازی و پشتیوانییەکانی خاتوو شانازیشیان کرد.
بابەتی زیاتر