قوباد تاڵەبانی: دەبێت رێكەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بەرژەوەندی هاوڵاتییاندا بێت

  2023-01-17 20:18      283 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند، دەبێت رێككەوتنەكان نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لەسەر یاسای گازو نەوت و بوودجە لە بەرژەوەندی هاوڵاتییاندا بێت.

نووسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە هەولێر لەگەڵ برێت مەكگۆرك رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا دۆخی هەرێمی كوردستان و چۆنییەتی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانیان تاوتوێ كرد". ئەوەشی خستەڕوو:" لە كۆبوونەوەكەدا كە هەر یەكە لە ئامۆس هۆكشتین، رێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتیی بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ئالینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ژمارەیەك راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا یاوەری برێت مەكگۆركیان دەكرد، كێشە ناوخۆییەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا تاوتوێ كرا". بە گوێرەی راگەیەنداوەكە، لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا شاندی ئەمریكا پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و جەختیان كردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و چاكسازی لە وەزارتی پێشمەرگەدا. هیوای ئەوەشیان خواست كە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەڕێی گفتوگۆ و دانووستانەوە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان بكەن.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا باسی وزەو سیاسەتی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان كراو لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند:" دەبێت هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرال پەلە بكەن لە رێككەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز بۆ ئەوەی كۆتایی بەو ناكۆكییانە بهێنرێت كە چەندین ساڵە هەیە". سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیش، قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو:" لەم قۆناغەدا پەیوەندییەكان لە ئاستێكی باشدان و پێویستە ئەم دەرفەتە بەكاربهێنین تا رێككەوتنێكی گشتگیر و درێژخایەن لەسەر بودجە و یاسای نەوت و گاز و هەموو ئاستەكانی دیكەدا بكرێت كە لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان بێت".

لەمبارەیەوە وەفدی ئەمریكا پشتگیری خۆیان بۆ بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییانە دەربڕی و ئامادەییان نیشاندا هاوكاری هەر دوو حكومەت بكەن بۆ ئەوەی بە رێككەوتنێكی گشتگیر بگەن كە لە خزمەتی هاوڵاتیانی كوردستان و عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەدا بێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو