سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە

  2023-01-14 20:40      217 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمەنێک لەکۆبوونەوەکە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەیەکدا کە بورهان سەعید سۆفی، ئەندامی  مەکتەبی سیاسی و  لێپرسراوی  مەکتەبی  شەهیدان  و  تێکۆشەران،  عەبدوڵا کانی بەردی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی تێکۆشەران ئامادەبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی کۆمەڵەکە بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە دێرینەکان، ئەو بەربەستانەی بۆیان دروستدەکرێت و بەوهۆیەشەوە ناتوانن خزمەتەکانیان لەئاست خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە دێرینەکان بێت. لەوڕووەشەوە وەستا فاروق، سەرۆکی کۆمەڵەکە راپۆرتێکی پێشکەشکرد و داوای لە سەرۆکی یەکێتی کرد بەدواداچوونی جدی و کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بکرێت.
لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ ستایشی رۆڵ و پێگەی پێشمەرگە دێرینەکانی کرد لە قۆناغە جیاوازەکانی خەبات و رایگەیاند، ئێوە شانازیی ئێمە و کوردستانن، مێژووی خەباتی ئێوە بۆ هەمیشە بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە و خۆمان بە قەرزارتان دەزانین.
لە بەرامبەر داواکاری و پێداویستییەکانیانشیان سەرۆک بافڵ بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دروستبکرێت و وتی، ئێوە پایە و پشتیوانی یەکێتی بوون، کوردستان قەرزاری جوامێری و ئازایەتی ئێوەیە و بەخوێنی خۆتان شۆڕشی نوێتان هەڵگیرساند. بۆیە خزمەتکردنتان ئەرکە لەسەر شانمان و بەهەمووشێوەیەک لەخزمەتتاندا دەبین. وتیشی، ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان قەرزاری تێکۆشانی ئێوەیە، بەڵام بەداخەوە بێباکییەکە گەیشتووەتە ئەو رادەیەی شۆڕشگێڕەکانی رابردوو و بونیادنەرانی ئەزموونەکە فەرامۆشبکرێن و ئاوڕ لە ژیان و گوزەرانتان نەدرێتەوە، بۆ ئەمەش یەکێتی بۆ ئەم جیاکاری و نادادییە داوای لێبوردنتان لێدەکات و بەڵێنتان پێدەدەین ئەم رێڕەوە چەوتەی حوکمڕانی راستدەکەینەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکانی وڵات و خراپی دۆخی حوکمڕانی لە هەرێم بەرچاوروونیدایە ئامادەبووان و دڵنیایکردنەوە درێژە بە سیاسەتێک دەدەین کە خەڵک داوای دەکات و لەخزمەتی گشتی و قوربانییەکانی ئێوەی قارەماندا بێت. وتیشی، دڵنیابن چیتر ناهێڵین هیچ کەس و لایەنێک رەنج و خەباتی ئێوە بۆ خۆیان ببەن و لەسەر حسابی خەباتی ئێوە خۆیان پارەدار بکەن، شکۆ و شانازی ئەم میللەتە لای ئێمە پیرۆزە و ناهێڵین یاری بە چارەنووسییەوە بکرێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو