شەوكەت حاجی مشیر
2022-12-06 12:22     287 جار بینراوە      کۆمێنت
شەوكەت حاجی مشیر
شەوكەت كوڕی حاجی مشیری محەمەدی حاجی مەحمودی یاروەیسییە، كە یەكێكە لەبنەماڵە ناودارەكانی عەشیرەتی جاف.
ساڵی 1947 لە گوندی تەپی سەفا-ی شارەزووری سەر بە شارۆچكەی هەڵەبجە هاتۆتە دنیاوە.
سەرەتا لەحوجرەو لای مەلا ناودارەكانی ئەو سەردەمە خوێندنی قورئانی دەستپێكردووە.
پاشان لەساڵی 1956 دا چۆتە قوتابخانەو خوێندنی سەرەتایی لەخورماڵو شارەدێی سیروان تەواوكردووە.
پاش تەواكردنی قۆناغی ناوەندی لەهەڵەبجەو خانەقین، بۆ درێژەدان بەخوێندن چۆتە ئامادەیی (وەتەن) لەسلێمانی هەر ئەو كاتەش لەناو یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا كاریكردووە.
لەبەر ئاڵۆزیی بارودۆخی كوردستان كۆتایی ساڵی 1968 وازی لەخوێندن هێناوەو پەیوەندیكردوە بە ریزەكانی شۆڕشەوە، پاشان كراوەتە لێپرسراوی كارگێڕیی لە بەتالیۆنی هەڵەبجە.
لەناوەڕاستی ساڵی 1969دا كراوە بەجێگری فەرماندەی بەتالیۆنی پێباز.
پاش رێككەوتننامەی یانزەی ئازاری ساڵی 1970 و بڵاوەكردنی هێزەكانی پارتی شۆڕشگێڕی كوردستان پەیوەندی كردۆتەوە بەپارتی دیموكراتی كوردستانەوە.
لەساڵی 1973 دا بۆ رێكخستنەوەی ریزەكانی پارتی هاوكاری شۆڕشی كردو لەهەمان كاتیشدا لەناو رێكخستنەكانی (كاژیك)دا كاری دەكرد.
دوای رێكەوتننامەی جەزائیری نێوانی عیراق و ئێران لەساڵی 1975دا و دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول، لەگەڵ هەندێك لەرێكخستنەكانی (كۆمەڵە) بڕیاریاندا دەستبكەنەوە بە شەڕی پارتیزانی، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك نەیانتوانی بەردەوامبن، بۆیە بەناچاری تەسلیم بەرژێمی بەعس بوونەوە.
ساڵی 1976 لەلایەن پیاوانی رژێمەوە دوو جار دەستگیر كراوەو پاشان ئازاد كراوە، هەر هەمان ساڵ ژنو مناڵەكانی لەگەڵ باوكیدا لەلایەن رژێمی بەعس-ەوە دەسگیركراون و زیاتر لەدوو ساڵ لەزیندانەكانی خوارووی عیراقدا بەندكراون.
لەكۆتایی مانگی حوزەیرانی 1976دا لەگەڵ شەش هاوڕێی تریدا بەبڕیاری سەركردایەتی كۆمەڵە، یەكەم دەستەی چەكداری شۆڕشی نوێیان دروستكرد، لەو ماوەیەداو تاساڵی 1977 لەچەندین چالاكی پارتیزانیدا بەشداریكردووە، لە مانگی تشرینی یەكەمی 1977دا بۆ دابینكردنی چەكو تەقەمەنی بۆ شۆڕش بەرەو توركیا بەڕێكەوتووە.
ساڵی 1980 كراوە بەفەرماندەی هەرێمی (9)ی بەمۆ، ساڵی 1981 بوو بە فەرماندەی تیپی (11)ی هەورامان، ساڵی 1983كراوە بە لێپرسراوی سەربازی مەڵبەندی (4)ی هەولێر، ساڵی 1984كراوە بەلێپرسراوی عەسكەریی مەڵبەندی (2)ی كەركوك، سەرەتای ساڵی 1986كراوە بەلێپرسراوی مەڵبەندی (1)ی سلێمانی، لەنێوان ساڵی 1976تا 1987 وەك سەركردەو پێشمەرگە بەشداریی زۆربەی شەڕەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كردووە دژی رژێمی بەعس.
ساڵی 1987 بەهۆی نەخۆشییەوە چۆتە ئێران و لەو ماوەیەشدا وەك لێپرسراوی پەیوەندی سەربازیی نێوان یەكێتیی و حكومەتی ئێران كاریكردووە، ساڵی1988 لە گرتنی شاری هەڵەبجەی شەهیددا رۆڵێكی كاریگەری هەبووەو سەرپەرشتی راستەوخۆی شەڕەكەی كردووە.
ساڵی 1989 بەهۆی دەرئەنجامە خراپەكانی شاڵاوی ئەنفالەوە بۆ سەر كوردستان لەگەڵ خێزانەكەیدا بەناچاری رویكردۆتە هەندەران و لەبریتانیا نیشتەجێ بووە، لە مانگی تشرینی یەكەمی 1990دا گەڕاوەتەوە كوردستان بۆ درێژەدانی خەباتی پێشمەرگایەتی، لە راپەڕینە گەورەكەی بەهاری ساڵی 1991دا رۆڵی بەرچاوی هەبووەو ئەندامی لیژنەی سەركردایەتی بووە بۆ ئازادكردنی شاری كەركوك و لەو پێناوەشدا بەشداری چەندین شەڕی گەورەی كردووە، كاتێكیش رژێمی بەعس دژە هێرشی دەستپێكرد بۆ گرتنەوەی كەركوك و سلێمانی، شەهیدی نەمر شەوكەتی حاجی مشیر سەرپەرشتی بەشێكی هێزەكانی بەرەی كوردستانی كردووە، لە شەڕەكاندا دژی رژێم.
ساڵی 1991 كراوە بە لێپرسراوی مەڵبەندی (4)ی بادینان، سەرپەرشتی یەكەم كۆبوونەوەی بەرەی كوردستانی بۆ پێكهێنانی لیژنەی باڵای بەرەی كوردستانی كردووە كە لە تەمموزی 1991دا بەسترا، وەك نوێنەری (ی، ن، ك)، بەشداری چەندین كۆبوونەوەی نێوان بەرەی كوردستانی و هێزە هاوپەیمانەكانی كردووە، كە لە ساڵی 1991دا هاتبوونە كوردستان، لەڕاپەڕینی دووەمدا كە لە تەمموزی ساڵی 1991دا رویدا سەرپەرشتی خەڵكی دهۆكی كردووە بۆ دەرپەڕاندنی هێزەكانی رژێم لەو ناوچەیەدا، لەكۆتایی 1991دا كراوە بەفەرماندەی لەشكری هەولێر لە نێوان ساڵی 1979تا 1992 ئەندامی سەركردایەتی (ی، ن، ك) بووە، ساڵی 1992 لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، كراوە بەئەندام پەرلەمان، ساڵی 1993 كراوە بەلێپرسراوی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان، ساڵی 1996 كرا بەئەندامی فەرماندەی گشتی هەموو هێزەكانی (ی، ن، ك) و سەرپەرشتی هێزەكانی پارێزگای سلێمانی و كەركوكی كردووە، ئەندامی سەرجەم كۆنفرانس و پلنیۆمەكانی (ی، ن، ك) و یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان بووەو چەندین بابەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی لە رۆژنامەكانی (كوردستانی نوێ و الاتحادو وڵات و برایەتی)دا بڵاوكردۆتەوە، چەند كتێبێكی لەسەر رووداوەكانی كوردستان بەچاپ گەیاندووە، لەمانگی مایسی ساڵی 1997دا كراوە بەلێپرسراوی مەڵبەندی (9)ی شارەزوورو دواتریش بۆتە لێپرسراوی مەكتەبی كۆمەڵایەتی (ی، ن، ك).
شەهید شەوكەتی حاجی موشیر تەواوی تەمەنی خۆی تەرخانكردبوو بۆ خزمەتكردنی گەلی كوردو ئازادكردنی كوردستان، بەڵام بەداخەوە شەوی 9/8ی شوباتی 2003 و لەگوندی (گامێش تەپە)ی ناوچەی شارەزوور لە تاوانێكی تیرۆرستی دا لەگەڵ شەهیدان (سەردار غەفور سلێمان و حیكمەت حاجی عوسمان)دا بەدەستی تیرۆرستانی (ئەنسارولئیسلام) شەهید كرا.
بابەتی زیاتر
دكتۆر خالید
2022-12-13 11:46
عومەر دەبابە
2022-12-08 11:50
عەلی عەسكەری
2022-12-08 11:08
خاڵە شیهاب
2022-12-08 09:18