ئازاد هەورامی

  2022-12-06 11:47      102 جار بینراوە        کۆمێنت
شەهید ئازاد هەورامی

شەهید ئازاد هەورامی، ناوی تەواوی ئازاد عەبدولمەجید غەففارە، ساڵی 1954 لە خێزانێكی كرێكار لە شاری كەركوك لەدایكبووە، لەناو ستەمە چینایەتی و نەتەوایەتییەكان دا ئاسۆی بیركردنەوەو جیهانبینی فراوان بووە، بۆیە هەر لەسەردەمی هەرزەكاریی دا یەكێك بووە لە خوێندكارە هەڵكەوتووەكان و زوو تێكەڵاوی سیاسەت و كوردایەتی بووە.
ساڵی 1972 پەیوەندیكردووە بە ‌ریزەكانی (كۆمەڵە)‌وەو لە ئەڵقە رۆشنبیرییەكانی دا خۆی پێگەیاندووە.
ساڵی 1974 وەك پێشمەرگە بەشداریكردووە لە بزووتنەوە چەكدارییەكەی خەڵكی كوردستان.
ساڵی 1975 پاش زیندانیكردنی شەهید شیهاب و هاوڕێكانی، ئەركی رێكخستنەوەی ریزەكانی (كۆمەڵە)‌ی كەوتۆتە ئەستۆ، ئەم تێكۆشەرە لەگەڵ شەهید ئارام دا رۆڵێكی گرنگی بینی لەسەركردایەتیكردنی ناوەوەی ئەو رێكخراوەدا.
ساڵی 1976 روویكردۆتە شاخ و سەرپەرشتی مەفرەزە سەرەتاییەكانی كردووە.
ساڵی 1978 لە ‌كارەساتی هەكاریی دا بەدیلگیراو ساڵی 1979 توانی خۆی دەرباز بكات و پەیوەندی بكاتەوە بەهاوڕێكانییەوە.
ئەم تێكۆشەرە رۆشنبیرو راستگۆو خۆنەویستە، هەموو سیفەت و خەسڵەتەكانی سەركردەی شۆڕشگێڕی تیاكۆببووەوە، بۆیە لە ‌كۆنفرانسەكانی كۆمەڵەدا بە‌ئەندامی ناوەندی و لە ‌كۆنفرانسەكانی یەكێتیی دا بەئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرا، شەهید ئازاد هەورامی لە ‌زۆربەی ناوچەكانی كوردستاندا وەك پێشمەرگەو لێپرسراوی سیاسی خزمەتی كردووەو هەمیشە جێگەی رێزی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و هەڤاڵانی پێشمەرگە بووە.
ئازاد هەورامیی سەركردە، ئەدەب دۆستێكی شارەزاو مۆسیقارێكی لێهاتووش بوو، لەناو هونەرمەندان و ئەدیبان و شاعیران دا جێگەیەكی تایبەتی هەبوو.
شەهید ئازاد لە ‌ئەنفالەكان دا سەرپەرشتیكردنی شەڕگەی دۆڵی باڵەییان-ی پێسپێردراو ئەركەكانی بەسەركەوتوویی ئەنجامدا.
لە ‌گەرمەی جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەدا لە ‌كۆتایی مانگی ئابی ساڵی 1988دا لەبناری قەندیل بە‌بۆردومانی رژێمی داگیركەر بریندار كراو بەو برینەش شەوی 31ی ئابی ساڵی 1988 گەیشتە كاروانی نەمران.

 

بابەتی زیاتر

دكتۆر خالید 2022-12-13 11:46
خاڵە شیهاب 2022-12-08 09:18

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو