سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێستا یەکێتی بەهەمان سیاسەت و ستراتیژی سەرۆک مام جەلالەوە کاردەکات

  2022-11-26 22:10      112 جار بینراوە        کۆمێنت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ د.عادل عەبدولمەھدی، سیاسەتمەداری ناسراو و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عیراق کۆبووەوەو جەختیان لەسەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر کردەوە. 
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەکان و کارنامەی حکومەتی نوێی عیراق تاوتوێکران و جەخت لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر کرایەوە.
سەرۆک بافڵ ستایشی رۆڵ و هەڵوێستی د.عادل عەبدولمەهدی کرد کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا پشتیوانی دۆزی گەلی کوردو مافە رەواکانی کردووە، وتیشی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی جوامێرانەی هەموو ئەو کەسایەتی و هێزە نیشتمانییانە لەیاد ناکات کە داکۆکیکاری مافەکانی گەلی کورد بوون و هەوڵیان بۆ تەبایی و پێکەوەژیان لەنێوان گەلانی عیراق داوە. 
ئێستاش یەکێتی بەهەمان سیاسەت و ستراتیژی سەرۆک مام جەلالەوە کاردەکات کە خۆی لە پاراستنی سەقامگیری و یەکڕیزی و تەباییدا دەبینێتەوە.
لە بەرامبەردا سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عیراق ستایشی رۆڵ و سیاسەتی نیشتمانییانەی سەرۆک بافڵی کرد وەک سەرکردەیەکی گەنج و کاریگەر کە لە قۆناغە سەخت و دژوارەکاندا هەوڵی ئاشتەوایی دەدات و بە ئاڕاستەی لێکنزیکبوونەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو دەنێت، هەر ئەمەش وایکرد رۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و بەدەستهێنانی متمانەی عیراقییەکان. وتیشی، سیاسەتی ئێستای یەکێتی کە سەرۆک بافڵ رابەرایەتی دەکات، بیرخەرەوەی ئەو سیاسەتە حەکیمانەیە کە سەرۆک مام جەلال کاری پێدەکردو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاو نیشتمانییەکانی وەک کاری سەرەکی و لەپێشینە تەماشا دەکرد.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو