عادل موراد

  2022-11-24 10:51      45 جار بینراوە        کۆمێنت

عادل موراد، لە11ی كانونی یەكەمی ساڵی 1949، لەشاری خانەقین لەدایك بووە، خوێندنی سەرەتایی لەخوێندنگەی كوردانی فەیلی و هەردوو قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە بەغدا تەواو كردووە. سەرەڕای دووری لەكوردستان ژیانی سیاسیی لەپێناو كوردایەتیدا بەزوویی دەستپێكردووە.
لەو پێناوەشدا لەساڵی 1965 لە بەغدا پەیوەندی بەڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە.
لە ساڵی 1966دا لە بەشی كیمیای كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی بەغدا وەرگیراوەو لەو ماوەیەدا سەرپەرشتی بەشێكی رێكخستنەكانی بەغدای كردووە.
لە ساڵی 1969كاتێك بەشێكی رێكخستنەكان ئاشكرا دەبن و واز لە خوێندن دەھێنێت و روو دەكاتە شاخ و دەبێتە پێشمەرگە.
لەژیانی پێشمەرگایەتیدا دەبێتە ئەندامی ناوچەی پارتی لەناوچەی باڵەكایەتی و لەھەمان كاتدا لەبەر كەمی مامۆستای گوندەكان، لەخوێندنگەی یەكێك لەگوندەكان دەست بەكاری مامۆستایەتی دەكات.
پاش راگەیاندنی بەیاننامەی 11ی ئازاریی ساڵی 1970لە كۆنگرەی یەكێتیی قوتابیانیی كوردستان بەسكرتێری یەكێتییەكە ھەڵدەبژێردرێت.
لەدوای ئەمە عادل موراد دەگەڕێتەوە بەغداو تا ساڵی 1974و بەر لەدەسپێكردنەوەی شەڕ لەنێوان كوردو رژێمدا، بەغدا بەجێ دەھێڵیت.
دواترو لەپاش ھەرەس ھێنانی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی 1975ئاوارەی ئێران دەبێت و ھەر لەو ساڵەشدا ئێران بەجێدەھێڵیت و روو دەكاتە وڵاتی سوریا.
كاتێك دەچێتە سوریا، لەوێ لەگەڵ مام جەلال پەیوەندی دروست دەكات و بەشدار دەبێت لەدامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
دوا بەدوای دامەزراندنی یەكێتی، لێپرسراوێتی رێكخستنی نێووڵاتی دەكەوێتە ئەستۆو دواتریش بۆ دروستكردنی رێكخستن لەئەوروپا، دەچێتە ئەوروپا و توانی بناغەیەك بۆ رێكخستنی یەكێتی لەچەند وڵاتێكی ئەوروپی دابنێت.
پاش گەڕانەوەی بۆ سوریا، لەگەڵ ئەندامانی دیكەی دەستەی دامەزرێنەردا سەرقاڵی دابینكردنی پێویستییەكانی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری دەبێت لە كوردستان و لەم رووەوە لێپرسراوی ئەركە لۆجستیەكان و ناردنی مەفرەزە سەرەتاییەكانی بۆ ناو وڵات دەكەوێتە ئەستۆ.
لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 1979دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان و لەناوزەنگ دەگیرسێتەوە.
بەڵام لە مانگی شوباتی ھەمان ساڵدا، لەبەر ھەندێ ھۆكاری سیاسی واز لە یەكێتی دەھێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ سوریا، پاشان لەڕۆژنامەی سەفیر وەك رۆژنامەنووس دەست بەكار دەبێت.
لە ساڵی 1981پەیوەندی بەحزبی سۆسیالیستی كوردستان دەكات و لە كۆنگرەی یەكەمی ئەو حزبەدا كە لەمانگی ئایاردا بەسترا، بە ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی ھەڵدەبژێردرێت.
 لە ساڵی 1994دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی.
دواتر لە شاری ھەولێر لێپرسراوێتی مەكتەبی ناوەندنی راگەیاندی یەكێتی پێ دەسپێردرێت و تا ساڵی 2000 بەردەوام دەبێت.
ھەر لە ھەمان ساڵدا دەبێتە لێپرسراوی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەسوریا .
لە كانوونی دووەمی ساڵی 2003دا دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان و بەشدار دەبێت لەو ھەوڵانەی كە بۆ رژێمی بەعس لە ئارادا بوون.
لەگەڵ رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 دا دەچێتە بەغداو ئەركی پەیوەندی و دیپلۆماتكارانە دەگرێتە ئەستۆو ماوەیەكیش لە ئەنجوومەنی حوكم  نوێنەری سەرۆك مام جەلال دەبێت.
ساڵی 2004دەبێتە باڵیۆزی عیراق لە رۆمانیا.
لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2010 لەكۆنگرەی سێیەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا خۆی بۆ كۆمیتەی سەركردایەتی ھەڵنابژێرێت. لەساڵی 2012 دا دەبێتە سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی و ئەمە دوایین وێستگەی كاری سیاسی دەبێت.
دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، رۆژی 18ی ئایاری 2018 لەئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو