دكتۆر.كەمال فوئاد

  2022-11-16 12:10      67 جار بینراوە        کۆمێنت

ناوی تەواوی كەمال عەبدولكەریم محەمەد فوئادە، ساڵی 1932 لەشاری سلێمانی لەبنەماڵەیەكی دێرینی ئەو شارە كە بەڕەچەڵەك دەچێتەوە سەر بنەماڵەی بابان لەدایكبووە، لەتەمەنی 15 ساڵیدا بەهۆی بیروباوەڕی پێشكەوتنخوازانەیەوە پەیوەندی بەڕێكخستنەكانی پارتی كۆمۆنیستی عیراقەوە دەكات.
ساڵی 1952 بەمەبەستی خوێندن لەكۆلێژی ئەندازیاری سلێمانی بەرەو شاری بەغدا بەجێدێڵێت. دوای ماوەیەك بەهۆی چالاكییەكانییەوە دەستگیر دەكرێت و 2 ساڵ زیندانی دەكرێت.
ساڵی 1954 لەزیندان ئازاد دەكرێت و دەبێتە لێپرسراوی رێكخستنەكانی پارێزگای سلێمانی لقی كوردستانی پارتی كۆمۆنیستی عیراق.
دواتر واز لەپارتی كۆمۆنیستی عیراق دەهێنێت و دەچێتە ناو ریزی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەو كات برایم ئەحمەد رابەرایەتیی دەكردپاشان دەچێتە ئەڵمانیای رۆژئاواو خوێندنی زانكۆ تەواو دەكات و ماستەر لەسەر فۆنیمەكانی زمانی كوردی لەزانكۆی هامبۆرگ بە دەست دەهێنێت. پاشان تێزێكی ئەكادیمی سەبارەت بەدەستنووسە كوردییەكان پێشكەشی زانكۆ دەكات و بڕوانامەی دكتۆرا وەردەگرێت.
ساڵی 1971 بۆ بەغدا دەگەڕێتەوەو بەشی زمانی كوردی كۆلێژی ئاداب دادەمەزرێنێت و ماوەی ساڵێك لەوێ دەمێنێتەوە. دواتر دەگوازرێتەوە بۆ زانكۆی سلێمانی و لەوێ لقی بەشی زمانی كوردیی دەكاتەوە. تاساڵی 1974 خۆی سەرپەرشتیی ئەو بەشە دەكات و بەشێكی زۆری وانەكانی دەڵێتەوە.
ساڵی 1974 دوابەدوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەنێوان كوردو حكومەتی عیراق، پەیوەندی بەشۆڕشەوە دەكات، ساڵی 1975 دوای هەرەسهێنانی شۆڕش، دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا. هەر لەو ماوەیەدا پشتگیری لەهەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال دەكات كە لەوكاتەدا سەرقاڵی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت و وەك ئەندامی دامەزرێنەر رۆڵێكی بەرچاو لەدامەزراندنی یەكێتیی دا دەگێڕێت. هەر ئەویش دەبێت كە بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی و لەئەڵمانیا بڵاویدەكاتەوە.
ساڵی 1977 لەیەكەمین كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتیی لەناوچەی برادۆست لەسەر لیستی هێڵی گشتی بۆ ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت.
لەكۆنگرەی یەكەمی یەكێتیی لەساڵی 1992 دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی و هەر لەو ساڵەدا دەبێت بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی سەوزو پاشان دەبێتە سەرۆكی ئەو فراكسیۆنە. لە كۆنگرەی دووەمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی  هەڵدەبژێردرێت و پاشان دەبێتە لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی . لەساڵی 1997 پاش دروستبوونی ئیداری سلێمانی دەبێت بەجێگری سەرۆك وەزیران.
لەكۆنگرەی سێیەمی یەكێتی لەساڵی 2010 بەهۆی نەخۆشییەوە خۆی بۆ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی ناپاڵێوێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا و لەساڵی 2014 كۆچی دوایی دەكات.
كەمال فوئاد چەندین كتێب و پەڕتووكی لەبارەی زمانی كوردی لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێت.
 

بابەتی زیاتر

عادل موراد 2022-11-24 10:51

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو