سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازی لە ئێلبروس كوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عیراق و وەفدێكی یاوەری كرد

  2022-10-31 08:31      273 جار بینراوە        کۆمێنت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئێلبروس كوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عیراق و وەفدێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئامادەبوو، دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق تاوتوێكران و جەخت لە هەماهەنگی و بەردەوامی گفتوگۆكان كرایەوە لەپێناو سەقامگیریی وڵات و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوەند و هەوڵەكانی یەكێتی كرد و وتی، یەكێتی پەرۆشی دابینكردنی ژیانێكی شایستە و سەقامگیرە بۆ هاوڵاتییان و لەو پێناوەشدا هەوڵی زۆرمان داوە، دەبێت هەموومان پێكەوە لەپێناو داهاتووی وڵات كار بكەین و بەرژەوەندییە گشتی و باڵاكان نەكەینە قوربانیی ململانێ كەسی و حزبییەكان، دەبێت حكومەتی نوێ پارێزەری مافی هەموو گەلانی عیراق بێت و خزمەتگوزاری پێشكەشی هەموو تاكەكان بكات بەبێ جیاوازی.
لە بەرامبەردا ئێلبروس كوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق پیرۆزبایی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد، بەبۆنەی سەركەوتنی حزبەكە لە پرۆسەی سیاسیی عیراق و سەرخستنی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، هیواشی خواست ئەمە هاندەرێك بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەنگاونان بەرەو كاركردن بە ئاڕاستەی دەستوور لە وڵاتدا.
ھەر لە دیدارەكەدا هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە لە بوارەكانی دیپلۆماسی، بازرگانی و كەلتووری لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و باڵاكان.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو