سەرۆک بافڵ بۆ محمد شیاع سودانی: پاراستنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد ئەركی حكومەتی نوێیە

  2022-10-14 21:05      199 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرۆک ‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، پێشوازیکرد لە محەمەد شیاع سودانی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق.
ئەمڕۆ ‏هەینی ١٤-١٠-٢٠٢٢، ‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە محەمەد شیاع سودانی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق و لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەبارەی بەرنامە، ستراتیژی حکومەتی نوێ و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار لە ماوەی یاسایی خۆیدا و هەنگاونان بەرەو خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتییان.
‏‎لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جارێكیتر پیرۆزبایی لە محەمەد شیاع سودانی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و بەرپرسیارێتییە نوێكەی بۆ خواست.
هاوکات جەختیشی لەهەمان راسپاردەكانی كۆبوونەوەی پێشوو كردەوەو وتی: پاراستنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد ئەركی حكومەتی نوێیەو دەبێت بەیەك چاو سەیری گەلی كوردو هەموو گەلانی دیكەی عیراق بكرێت. هیواشی خواست هەمووان بەیەك تیم لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكان كار بكەن و كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكەن.
‏‎لە درێژەی دیدارەكەدا سەرۆك بافڵ ئاماژەی بەدووبارەنەكردنەوەی ئەزموونی حوكمڕانی كرد لە رابردووداو وتیشی: هیوادارم حكومەتی نوێ بەدیدگایەكی نوێوە بەرەوە حوكمڕانییەكی تەندروست هەنگاوبنێت، هەڵەو ئەزموونی رابردوو دووبارە نەكاتەوەو كێشە سیاسییەكانی تێكەڵی حوكمڕانی نەكرێت و هاوڵاتییان نەبنە قوربانی ململانێكان. پێكهێنانی حكومەتیش لەم ساتە هەستیارەدا بەرپرسیارێتییەكی گەورەیەو هەموومان لەپێناو هەوڵە نیشتمانییەكان پشتیوان دەبین.
‏‎لەبەرامبەردا محەمەد شیاع سودانی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق ستایشی سەرۆك بافڵی كرد بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە نیشتمانییەو وتی: ئەمڕۆ هاتوومەتە لای برا، هاوڕێ و بەشدارێكی سەرەكی لە حكومەتی نوێ. سەرۆك بافڵ و یەكێتی هاوبەشێكی راستگۆی ئێمەن و پێكەوە بەرەو بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر هەنگاو دەنێین.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو