بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازیکرد لە ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون

  2022-09-14 18:01      284 جار بینراوە        کۆمێنت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە رەییان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون.

لە دیدارێکدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەخت لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە. هەردوولا هاوڕابوون بەزووترین کات چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە و هەموو هەوڵەکان لەپێناو سەقامگیری و داهاتووی وڵات بێت.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەختی لە قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە و وتی، ئەرکی هەموولایەکمانە بەرۆحێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە کار بکەین. ناکۆکییەکان خزمەت بە دۆخی وڵات ناکەن و نابێت ژیانی هاوڵاتییان بکەینە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان. دەبێت لایەنەکان نەرمی بنوێنن و ژینگەیەکی لەبار بۆ سەرخستنی ئامانجە باڵاکان فەراهەم بکەن، کە ئەمەش خواستی زۆرینەی سیاسییەکانی عیراقە.

لە بەرامبەردا رەییان کلدانی سوپاس و پێزانینی بزووتنەوەی بابلیونی ئاڕاستەی سەرۆک بافڵ کرد لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان و هەنگاونان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان. وتیشی یەکێتی سیاسەتێکی حەکیمانە پەیڕەو دەکات و بەشێک نییە لە کێشەکان، بەڵکو هەمیشە کۆکەرەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بووە و هەوڵەکانیان لە خزمەت گۆڕانکاری ئەرێنیدا بووە لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو