قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باربارا لیڤ كۆبۆوە

  2022-09-07 12:33      222 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و باربارا لیڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەراست دواپێشهاتە سیاسییەكانی عیراق و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا-یان  لەسەر پرسی نەوت و گاز تاوتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەیەكی نێوان قوباد تاڵەبانی و باربارا لیڤدا، باس لە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا كرا لەسەر پرسی نەوت و گازو بودجە و قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ئێمە كێشەمان لەگەڵ ئەوەدانییە كێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵكو كێشەی ئێمە گەرەنتیكردنی بودجە و شایستە داراییەكان و مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستانە، داواشیكرد ئەمریكا لەمبارەیەوە زیاتر هاوكاربێت لە چارەسەركردنی دەستورییانەی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە رەوشی سیاسی عیراق و دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی بەغدا كرا و هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە لایەنە سیاسییەكان لەڕێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن .
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا باسی هەنگاوەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێم كرا و قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە كە حكومەتی هەرێم پێداگرە لەسەر ئەوەی پرۆسەی چاكسازی لەهەموو سێكتەرەكاندا هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ بكات و داواشیكرد لەو روەوە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ هەرێم بەردەوام بێت .

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو