قوباد تاڵەبانی بەمەبەستی بەدواداچوونی پرۆژەكان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی كۆدەبێتەوە
2022-09-03 20:21     202 جار بینراوە      کۆمێنت
بەپێی زانیارییەكان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێم سبەی یەکشەممە 4ی ئەیلولی 2022 لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەو فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی کە پەیوەستن بەپڕۆژەکانی وەبەرھێنان و کەرتی تایبەت و کاروباری بازرگانی و ھەموو مامەڵە داراییەکان کۆدەبێتەوە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد لەھەموو ئەو پڕۆژەو کارانەی پەکخراون و جێبجێنەکراون و بۆتە ھۆی وەستانی جووڵەی بازرگانی لەسنووری سلێمانی.
بەپێی زانیارییەکان کە لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە بەدەستھاتوون لەو کۆبوونەوە گرنگەدا قوباد تاڵەبانی لەنزیکەوە پڕۆژە بەپڕۆژە، بڕیار بەبڕیار کە دراون لەو بوارنەداو پەکخراون و نەخراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە دەیان پڕۆژەن، بەدواداچوونیان بۆ دەکات و ماوەی یەک ھەفتە مۆڵەت بەبەڕێوەبەرایەتی و یەکە کارگێڕییەکان دەدات کە کێشەکان چارەسەربکەن و وەبەرھێنەرو بازرگانەکان مامەڵەکانیان جێبەجێبکرێن و پڕۆژەکانیان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد، ئەم ھەنگاوەی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێم لەپێناوی نەھێشتنی رۆتین، گەندەڵی، بەرتیل و رەشوە، رێگریکردن لەسەرانەوەرگرتن و پشکپشکێنەیە لەوەرگرتنی پڕۆژەکاندا تا ئەو دەستانەش ئاشکرابکرێن کە لەپشت پەکخستنیانەوە بوون و ھۆکاربوون بۆ سستکردنی بازاڕو کاروکاسبی بازرگانان تا رووبەڕووی یاسا بکرێنەوەو رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بەرامبەریان.
ئەم بڕیارە لەدوای چەندین کۆبوونەوە ھات لەگەڵ خاوەن کارو پڕۆژەو وەبەرھێنەران و بازرگانانی سلێمانی کە راشکاوانە گلەیی و گازندەکانیان گەیاندە قوباد تاڵەبانی و بڕیاریدا چارەسەری سەرجەم کێشەکانیان بکات و ھەموو ئەوانەشی ھۆکاربوون لەپەکخستنی بازاڕی سلێمانی و وەستانی پڕۆژەکان رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەرو رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
بابەتی زیاتر