ئەنجومەنی سەرکردایەتی سیستەمی ھاوسەرۆکی ھەڵوەشاندەوە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی ھەڵبژێردرا
2022-08-28 16:20     314 جار بینراوە      کۆمێنت
هەڵبژاردنی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بەسەرۆکی یەکێتی
بەسەرپەرشتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٨ ی ئابی ٢٠٢٢ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوووە .
لەکۆبوونەوەکەدا ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی راپۆرتێکی زارەکی ھەمەلایەنەی لەسەر دۆخی گشتی ھەرێم بەتایبەت گوزەران و ژیانی خەڵکی کوردستان ، عیراق ، ناوچەکە ، پرسی رێکخراوەیی و حزبی , پەیوەندییەکانى یەکێتی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەکان , روئیای یەکێتی بۆ داھاتوو ، پێشکەشکردوو تێیدا ئامادەبووانی بەرچاوڕوونکرد لەدواین پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری ، ئەمنییەکان و رایگەیاند یەکێتی وەک ھێزێکی بەرپرسیار ، دەربەست بە مافەنەتەوەییەکان و بەرپرسیاری نیشمانی لەسەر یەک ھێڵی ستراتیژی کوردستانی سیاسەتی خۆی بە ئەمانەتەوە جێبەجێکردووە ، ئاماژەی بەوەکرد ھەم لەھەرێم ھەوڵمانداوە یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزین و کاربکەین بۆ بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم و ھەم لە عیراقیشدا توانیومانە ئەرکە نیشتمانییەکانی خۆمان جێبەجێبکەین لەسەر بنچینەی تەوافق و ھاوبەشێتی راستەقینە و پاراستنی بنەماکانی دەستوور ، کەسەرۆک مام جەلال و باوکە دامەزرێنەرەکانی دیموکراسی لە عێراقی نوێ بناغەیان داناوە ھەروەھا ھەڤاڵ بافڵ رایگەیاندئەم سەنگەی یەکێتی لە سیاسەتی عیراقیدا بەرھەمی یەکڕیزی سەرکردایەتی و یەک سیاسەتی حزبەکەی سەرۆک مام جەلالە و دەست خۆشی ئەو یەکڕیزی و گیانی بەرپرسیارێتییە حزبییەی لەھەموو ھەڤاڵانی سەرکردایەتی کرد کە ئێستا وای لێھاتوو ھەموو لایەنەکان متمانە بە سەنگ وپێگەو گوتاری یەکێتی بکەن .
ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە گفتوگۆکانیاندا دەست خۆشیان لە سەرۆک بافڵ و تیمی یاوەریکرد لە بەغدا کە سیاسەتەکانی ماوەی رابردوو پێگەی یەکێتی وەک زەمانی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال بوژاندۆتەوەو سەنگی سیاسەتی کوردستانی لە عێراق و ناوچەکە بەرزکردۆتەوە .
دوابەدوای ئەوە بەپێی ئەجندای کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر تەوەرەی راسپاردەکانی دیداری یەکێتی و ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆ کرا .
ھەڤاڵ قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی رونیکردەوە کە راسپاردەکان بەسەر سیانزە لیژنەدا دابەشکرابوون و گەڵاڵەی بیروبۆچوونی ھەزاران کادرو تێکۆشەری دێرین و نوێی یەکێتییە لەھەموو ئاست و بوارەکان ، تەنانەت دۆستانی یەکێتیش لە ئەکادیمست و پسپۆڕان بەشداریان تێداکردبوو کە ئەمە دیاردەیەکی دیموکراسی حزبییە جێی دڵخۆشییە .
ئەنجومەنی سەرکردایەتی دوای گفتوگۆ سەرجەم راسپاردەکانی دیداری یەکێتی پەسەندکرد و ئۆرگان و دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد ھەریەکەو لەلایەن خۆیەوە جێبەجێیان بکات .
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆ بەگوێرەی ھەلومەرجی نوێی ژیانی حزبایەتی یەکێتی .
لیژنەی پەیڕەو سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی خستەبەردەم ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە بۆ گەشەکردنی ژیانی حزبایەتی یەکێتی پێویستن دوای گفتوگۆی تێروتەسەلی ھەڤاڵانە پەیڕەوە نوێکە پەسەندکرا .
پاشان بەگوێرەی پەیڕەوی نوێی کە سیستمی ھاوسەرۆکی نەھێشت ، بۆ تەئکیدکردنەوەی ئاسایی و نەریتی حزبایەتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی ، خۆی کاندیدکرد بۆ ئەرکی سەرۆکایەتی یەکێتی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیش ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بەسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژارد .
بابەتی زیاتر