ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی ١٧ تیرۆریستی داعشی راگەیاند

  2022-08-23 21:34      186 جار بینراوە        کۆمێنت

١٧ تیرۆریستی شانەی نەنوستووی داعش لەلایەن ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەر بەدەزگای ئاسایشی هەرێمەوە دەستگیركران كە دوانیان ژنن.
تیرۆریستەكان لە سەربنەمای زانیاری هەواڵگری و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە، لەچەند هەڵمەتێكی جیادا لە سلێمانی، چەمچەماڵ، تەكیە، باریكە  دەستگیركراون.
مەفرەزەی یەكەمی تیرۆریستە دەستگیراوەكان، كە پیلانیان دانابوو چەند ئەفسەرێكی باڵا لە هێزی پێشمەرگە و چەند مامۆستایەكی دیاری ئاینی تیرۆر بكەن .
گروپەكە پێكهاتوون لە (٧) حەوت تیرۆریست كە لە ڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەكەونە ژێر كاریگەری فكری توندڕەوی داعش و بانگەشە بۆ بڵاوكردنەوەی كاروچالاكییەكانی تیرۆریستان دەكەن و دوای خۆڕێكخستنیان، سەرەتا پیلان دادەنێن بۆ تیرۆركردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و عەمید سەردار و موقەدەم رزگار حەمە ساڵح و بابان تەها لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تەقاندنەوەی چەند بارەگایەكی حزبی .
كە دوای بەدەستهێنانی بەڵگەی دروست و سەلمێنراو، و زانیاری لەسەریان،  كەپیلانی تەواویان داڕشتووە بۆ جێبەجێكردنی تیرۆركردنی ژمارەیەك مامۆستا و زانای ئاینی كە داعش تەكفیریان كردوون و لەگەڵ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش كە بەشداربوون لە شەڕی رووبەروبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تا ترس و دڵەڕاوكێ بڵاوبكەنەوە. پاش رەزامەندی دادوەر ئۆپراسیۆنی دەستگیركردنی ئەندامانی مەفرەزە و گروپەكان دەستیپێكرد.
رۆژی ١٤ ی ئابی ٢٠٢٢  لە ناو بازاڕی سلێمانی لە ئەسحابەسپی تیرۆریستی هەرە تاوانبار ( ئاكام بەهادین) ناسراو بە ئاكام كوردی لەگەڵ چەند تۆمەتبارێكی تر كە پیلانی تیرۆركردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و ژمارەیەك ئەفسەر و پێشمەرگە دادەنێن و ناوبازاڕی سلێمانی و ئەسحابەسپی دەستنیشان دەكەن بۆ وەرگرتنی پارەو چەك و ئەنجامدانی چالاكییەك تا بەهۆی قەرەباڵغییەوە بتوان مەرامەكانیان جێبەجێ بكەن و هەڵبێن .
ئەم تیرۆریستانە دەخرێتە ژێر چاودێری و لەكاتی هەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی چەك و پارەكە و جێبەجێكردنی چالاكییەكەیان هێزەكانمان جوڵەیان پێدەكرێت بۆ دەستگیركردنیان لەو كاتەدا لەئەسحابەسپی، تیرۆریستان رووبەڕووی هێزەكانمان دەبنەوە و تەقەكردن روودەدات و ئاكام بەهادین و تۆمەتبارێكی تر دەستگیر دەكرێن و ژمارەیەك تیرۆریستیی تریش هەڵدێن كە  بەداخەوە بەهۆی ئەم رووداوەوە هاووڵاتی ئەحمەد شەوكەت كە لەخێزانێكی دڵسۆز و خەباتگێڕن شەهید بوو .
پاشان لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە و تیرۆریستانی تر لەهەمان مەفرەزە  لەچەند ئۆپراسیۆن و هەڵەمەتێكدا دەستگیركران .
-  تیرۆریست (محەمەد ئیبراهیم) ناسراو بە ئەبو جولەیبیب شەوی ١٦ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیركرا.
-  تیرۆریست (رێبین سادق) شەوی ١٦ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیركرا. 
-  تیرۆریست (فریشتە حاتەم) رەگەزی ژن، شەوی ١٨ / ١٩ ئابی ٢٠٢٢ لە باریكە دەستگیركرا .
 - تیرۆریست (شیفا محەمەد) ناسراو بەجیهاد كوردی، رەگەز ژن شەوی ١٨ / ١٩ ی ئابی ٢٠٢٢ لە باریكە دەستگیركرا .
 - تیرۆریست (شادمان مەحمود) شەوی ١٩ / ٢٠ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیركرا. 
-  تیرۆریست ( رێبەر ئەحمەد) ناسراو بە ئەبو دوگمە، شەوی ١٩ / ٢٠ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیركرا .
مەفرەزەی دووهەم گروپی چەمچەماڵ و تەكیە. 
ناوی تیرۆریستان و زانیاری لەسەر ئەندامانی گروپەكە و كردەوە تاوانكارییەكانیان:
هاوكات هێزەكانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەر بەدەزگای ئاسایشی هەرێم، لەهەمان كاتدا جوڵە و مەرامەكانی مەفرەزە و تاقمێكی تری تیرۆریستی لە تەكیە و چەمچەماڵ دەخەنە ژێرچاودێری ورد كە پەیوەندیان لەگەڵ گروپەكەی سلێمانی دا هەبوو و وەك شانەی نەنستووی داعش لەچالاكیدان. 
دوای بەدەستخستنی زانیاری دروست و ئاشكرابوونی پیلانەكانیان خرانە ژێرچاودێری شەوی ١٧ / ١٨ لەچەمچەماڵ لەكاتی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگایەك بۆ هیجرەتكردنیان بۆ ناو تیرۆریستانی داعش پێنج  (٥) لە ئەندامەكانیان بەهاوكاری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیركران، كە دانیشتووی تەكیەن، دانیان بەتاوانەكانیاندا نا، كە ٣ ( سێ) جار هەستاون بە تێكدان و شكاندنی كێلی مەرقەد و پیاوچاكانی شێخانی كانی چنار لەگوندی كانی چنار و دارئەسحابە، و پەیكەری عەبدولرەحمان پاشای بابان - شیان لە دەربەندی بازیان سوتاندووە و لەچەندین شوێن و جێگای جیاوازیش دروشمی تیرۆریستانی داعشیان نووسیووە و ئاڵای تیرۆریستانیان هەڵكردوە و دووجاریش ئاڵای كوردستانیان لەدەربەندی بازیان كە بەرووكاری تەكییە شێواندوە و لە هەوڵی بەدەستخستنی چەكیشدا بوون تا چەند چالاكییەك ئەنجام بدەن .
كە سەرجەمیان شەوی ١٧ / ١٨ ئابی ٢٠٢٢ دەستگیركران. 
-  تیرۆریست (زێوەر زاهیر) 
-  تیرۆریست (بێستون حەكیم) ناسراو بە سەلاحەدین بن عەبدولعەزیز 
-  تیرۆریست (ئەیوب كەمال) 
-  تیرۆریست (بڕوا عەدنان) ناسراوە بە مەروان كوردی 
-  تیرۆریست (بەڵێن سەباح) ناسراوە عوبەیدە كوردی 
هەر پەیوەست بەهەمان گروپەوە لەئۆپراسیۆنێكدا لە تەكیە شەوی ٢٠ /٢١ ئابی ٢٠٢٢ تیرۆریست (محەمەد جومعە) دەستگیركرا .
تێبینی / دانپێدانانی ژمارەیەك تیرۆریست .
١ - محەمەد ئیبراهیم ناسراو بە ئەبو جولەیبیب 
٢ -ئاكام بەهادین ناسراو بە ئاكام كوردی 
٣- بەڵێن سەباح ناسراو بە عوبەیدەی كوردی 
٤- فریشتە حاتەم
٥ -بڕوا عەدنان ناسراو بە مەروان كوردی 
لەبارەی شكستپێهێنانی مەرامی تیرۆریستان لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە و  شەوی ٢٢ / ٢٣ ئابی ٢٠٢٢ لە چەمچەماڵ و تەكیە، ژمارەیەك تۆمەتباری دیكە كەپەیوەندیی راستەوخۆیان هەبووە بەم گروپەوە بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیركران و لەبەر هەستیاری دۆسێكە، ناو زانیارییەكانیان بە شاراوەیی هێڵرایەوە تا تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان زانیاری زیاتر بۆ كۆمەڵانی خەڵك ئاشكرادەكەین .
......
بەناوی بەڕێوەبەر و سەرجەم ئەفسەران و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی جارێكی تر پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی تێكۆشەری شەهید كاكە (ئەحمەد شەوكەت) دەكەین، خۆمان بەبەشداری ماتەمیان دەزانین كە لەكاتی شكستپێهێنانی پیلانێكی گەورەی  تێكدانی ئاسایشی هەرێم و تیرۆركردنی چەند مامۆستایەكی پایەبەرزی ئاینی و ژمارەیەك ئەفسەر و پێشمەرگە، شەهید بوو، كە بەخوێنی ئاڵی كاكە ئەحمەد مەرامێكی تری تیرۆریستان لەگۆڕنرا .
 ئێمە بەڵێنمان  بە بنەماڵەی سەربەزی شەهید كاك ئەحمەد و روحی پاكی دا، كە خوێنی بەفیڕۆ نەڕوات و لەچەند رۆژی رابردوو بێ پشوو شەو و ڕۆژ لەكاردابووین تا تەواوی ئەندامانی هەردوو گروپە تیرۆریستییەكەمان دەستگیركرد تا رۆحی كاك ئەحمەد شاد بێت .
وەك هەمیشە بۆ هەموو لایەكی رووندەكەینەوە هێزەكانی ئاسایش لەسەنگەری خەڵك، سەروەری یاسا، ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خەڵك و ئارامی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەركی سەرەكیمان رووبەڕووبوونەوەی هەر پیلانێكە كە بیەوێت ژیان لەخەڵك تێكبدات.
سوپاس و پێزانینی بێپایانمان دەردەبڕین بۆ هاووڵاتیان كە هەمیشە هاوكار و پشتیوانی سەرخستنی ئەركەكانمانن 
پشتیوان بەخوای گەورە و بەهاوكاری هەمووان و هێزه ئەمنییەكان، بەردەوامین  لە پاراستنی كوردستانەكەمان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی یاساشكێنان و هەڵهاتوان لەیاسا .
لەگەڵ رێزدا 
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو