سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی: هیچ كەسێك مافی بەكارهێنانی پۆست و ناونیشانی خۆی نییە بۆ شكاندنی یاسا
2022-08-21 19:36     221 جار بینراوە      کۆمێنت
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆر - CTG لە سلێمانی لەگەڵ دەزگای ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاریی ھەرێم، دەزگای ئاسایشی ھەرێم، سەرۆكی ئەركانی فەرماندەیی ھێزەكانی حەفتا، بەڕێوەبەرایەتی دەزگای دژەتیرۆر و ھێزەكانی كۆماندۆی كوردستان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا ھەنگاوەكانی چەسپاندنی یاسا، جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشێلكارانی یاسا و ھەموو ئەو كەسانەی كاری نایاسایی ئەنجام دەدەن و موڵك و زەوی و زاری گشتییان داگیركردووە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و دوایین پێشھاتە ئەمنییەكان و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە تاوتوێكرا.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا باسی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسا و رووبەڕووبوونەوەی یاساشكێنانی كرد و وتی، لەبەرامبەر ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن و دەست بۆ زەوی و زار و موڵكی گشتی دەبەن، سڵ نەكەنەوە و چاوپۆشی لە هیچ كەسێك مەكەن لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت. هیچ كەسێك مافی بەكارهێنانی پۆست و ناونیشانی خۆی نییە بۆ شكاندنی یاسا. لە چەند رۆژی رابردووشدا بە دەستگیركردنی یاساشكێنان جارێكی تر سەلماندتان كەس لەسەروو یاساوە نییە، بۆ ئەمەش سوپاس و پێزانینتان ئاڕاستە دەكەم.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ ئاماژەی بە ئارامی و سەقامگیریی هەرێم كرد و وتی، بە هەمووشێوەیەك رووبەڕووی تیرۆریستان دەبینەوە و رێوشوێنە ئەمنییەكان توندتر دەكەینەوە. ئارامی و ئاسایشی كوردستان هێڵی سوورە و بەهەموو شێوەیەك دەیپارێزین.
بابەتی زیاتر