ئەمین بابەشێخ پێشوازی لە بەرپرسی بەشی سیاسیی كونسوڵخانەی بریتانیا دەكات
2022-08-17 13:18     227 جار بینراوە      کۆمێنت
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەمین بابەشێخ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ولێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان، لە شاری سلێمانی پێشوازی كرد لە جەیمس چارلتن، بەرپرسی بەشی سیاسیی كونسوڵخانەی بریتانیا لە هەرێمی كوردستان. لە دیدارێكدا كە سەركەوت محەمەد غەفور، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندیەكانی دەرەوە، ئامادەی بوو گفتوفۆ لەسەر چەند تەوەرو پرسێكی گرنگ كرا لەوانەش دۆخی سیاسی ئێستای عیراق و بە بنبەست گەیشتنی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، ئەمین بابەشێخ ئەوەی خستەروو كە یەكێتیی پێشوازی لە هەر دەستپێشخەریەكی گونجاو دەكات بۆ دەرچوون لەم بارودۆخەو تەئكید لەوە دەكاتەوە كە كورد بە یەك دەنگ بچنە بەغدا و نەبنە هۆی تێكدانی ماڵی پێكهاتەكانی تر و دەستور سەروەر بێت. هاوكات تیشك خرایە سەر دواین پەرەسەندنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە كاتی خۆیدا لەگەڵ پاكردنەوەی لیستی دەنگدەران و پاراستنی مافی كەمینەكان و بەكارنەهێنانیان لە بەرژەوەندی سیاسیی هیچ لایەنێك. دواتریش باس لە پێویستی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بریتانیاو عیراق و هەرێمی كوردستان كراو تەئكید كرایەوە لە بەردەوامی پەیوەندیەكان لە تەواوی بوارەكاندا و بەتایبەت لە رووبەروبوونەوەی مەترسی بەهێزبوونەوەی داعش وەك دوژمنێكی هاوبەشی هەردوولا، سوپاسی بریتانیا كرا بە تەواوی پاڵپشتی و هاوكاریەكانی بۆ هەرێمی كوردستان.
بابەتی زیاتر