لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان و وەفدێكی كونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە

  2022-08-17 13:09      151 جار بینراوە        کۆمێنت

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەمین بابەشێخ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ولێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان، لەشاری سلێمانی پێشوازی كرد لە وەفدێكی كونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی خاتوو مایكە كایزەر، جێگری كونسوڵی گشتی. لە دیدارێكدا كە سەركەوت محەمەد غەفور، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئامادەی بوو تیشك خرایە سەر گرنگترین پێشهات و رووداوە سیاسیەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە لایەنە سیاسیەكان دەرچەیەك بۆ ئەم چەقبەستووییە سیاسییە بدۆزنەوەو كێشەكان لەڕێی دانوستان و بەپێی دەستور یەكلایی بكەنەوە. ئەمین بابەشێخ ئەوەی خستەروو كە یەكێتیی پێشوازی لە هەر دەستپێشخەریەكی گونجاو دەكات بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە چیتر درێژە بە ململانێكان نەدرێت. هاوكات تیشك خرایە سەر دواین پەرەسەندنە سیاسیەكان و پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، تەئكید كرایەوە لەسەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە كاتی خۆیدا لەگەڵ پاكردنەوەی لیستی دەنگدەران و پاراستنی مافی كەمینەكان و بەكارنەهێنانیان لە بەرژەوەندی سیاسیی هیچ لایەنێك. دواتریش بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هۆڵەندا و عیراق و هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە كراو بڕیاردرا كە پەیوەندیەكان بۆ بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆست پتەوتر بكرێن و بەردەوام بن.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو