سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد

  2022-08-03 18:08      115 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۰۲۲/۸/۳، د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لە چۆی كوان ژین، كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پوختەیەکی لەبارەی ڕەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق باس کرد و تیشکی خستەسەر دۆخی ناوچەکە بە گشتی و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن كرده‌وه‌.
پاشان باسی لەو فرەیی و هەمەڕەنگی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی هەرێمی کوردستان کرد کە هه‌مووان بەوپەڕی ئازادییەوە پیادەی مافەکانی خۆیان دەکەن. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ هەرێمی کوردستان هەمیشە داڵدەیەکی ئارام بووه‌ بۆ سەرجەم ئەو ئاوارانەی کە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق ڕووی تێده‌كه‌ن.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سوپاسی كونسوڵی كۆریای باشووری كرد بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه‌ له‌ ڕابردوو وڵاته‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ و له‌ئێستاشدا به‌رده‌وامییان هه‌یه‌، داواشی له‌ كونسوڵی كۆریا كرد پشتیوانی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ پێشخستنی له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیدا.
لەلایەن خۆیەوە، کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور، سەرسامیی خۆی بەرامبەر بەو بووژانەوە و پێشکەوتن و سەقامگیرییەی هەرێمی کوردستان دەربڕی و هیوای خواست ناوچەکانی تری عێراقیش هاوشێوەی هەرێمی کوردستان هەنگاو بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی بنێن.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو