سەرۆك كۆماری عیراق: دەبێت تاوانبارانی تاوانی قێزەونی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان بەسزا بگەیەنرێن

  2022-08-02 21:47      108 جار بینراوە        کۆمێنت

لەهەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، سەرۆک بەرهەم دووپاتیدەکاتەوە لەگرنگی قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و راپێچکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا تاوەکو بەسزای خۆیان بگەن.

بەئازارێکی زۆرەوە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەکەینەوە کە چەتەکانی داعش دژ بەڕۆڵەکانمان ئەنجامیداو مەرامیان بوو ناسنامەی ئێزیدییەکان بەیەکجاری بسڕنەوە، ئەو تاوانە لاپەڕەیەکی خەمبار و ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، چونکە تیرۆرستان جیاوازییان نەکرد لەنێوان پیاوو ژن و منداڵ و بەساڵاچووان، بۆیە بەیەکێ لەترسناکترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخ پێناسە دەکرێت.

بەسزا گەیاندنی تاوانبارانی ئەو تاوانە قێزەونە ئەرک و مافە، بۆیە دووپاتدەکەینەوە لەگرنگیی بەردەوامبوونی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەو تاوانەدا دژ بەمرۆڤایەتی راپێچی بەردەم دادگا بکرێن و بەسزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن، هەروەها جەختدەکەینەوە لەئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان و بەدۆکیومێنتکردنی، تاوەکو وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

پەسەندکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزدییەکان ئەرکێکی بچووک بوو ئەنجاممان دا، بۆیە پێویستە بەردەوام بین لەکارکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال، هاوکات دووپاتدەکەینەوە لەپتەوکردنی هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی 2700 کوڕو کچ، کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارەو شادکردنەوەیان بەکەسوکاریان.

د. بەرهەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو