سەرۆك كۆماری عیراق: پێویستە هەمووان بەئاڕاستەی پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و دیالۆگ و پاراستنی دیموکراسی لەوڵات کار بکەین
2022-07-28 00:23     183 جار بینراوە      کۆمێنت
سەبارەت بەخۆپیشاندانەكانی بەغدا، سەرۆك كۆماری عیراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا جەخت لەئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتیانەو پێویستیی پابەندبوون بەپاراستنی ئاسایش و موڵك و ماڵی گشتیی دەكاتەوە.
دەقی بەیاننامەكە...
جەختدەکەینەوە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێکی دەستووری پارێزراوە، هەروەها دووپاتدەکەینەوە لەپێویستی پابەندبوون بەپاراستنی ئاسایش و موڵک و ماڵی گشتی و دانبەخۆگرتن و پێشخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە.
هاوکات جەختدەکەینەوە لەیەکخستنی هەڵوێستی یەکگرتووی نیشتمانی و پابەندبوون بەپارێزگاریکردن لەئارامی و سەرخستنی دیالۆگ و گفتوگۆو دوورکەوتنەوە لەهەر ئەگەرێک کە کاریگەری بکاتە لەسەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگاو پێویستی پتەوکردنی هەوڵەکان بۆ هێنانەئاراوەی بەرکەوتە نیشتمانییەکان بەئاڕاستەی هێنانەدی خواستی خەڵک و چاکسازی گشتی و گەشەپێدان، هەروەها پێکهێنانی دەسەڵاتی کارای کاریگەر کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت و پایەکانی دەوڵەتێکی بە توانا بچەسپێنێت و خواستی گەل بۆ ئایندەیەکی باشتر و گەش بهێنێتەدی.
وڵات بەبارودۆخێکی ناسکی ناهەمواردا تێدەپەڕێت و رووبەڕووی ئاستەنگی جددی بووەتەوە، لەهەمانکاتدا دەرفەتی گەورەی لەپێشە، بۆیە پێویستە هەمووان بەئاڕاستەی پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و دیالۆگ و پاراستنی دیموکراسی لەوڵات کار بکەین، چونکە گەلەکەمان بۆ چەندین دەیە قوربانی زۆری داوەو رووبەڕووی ستەم و سەرکوتکاری و توندوتیژیی بووەتەوە، ئەمەش ئەوەمان لێ دەخوازێت هەمووان پێکەوە کار بکەین بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان.
د. بەرهەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق
بابەتی زیاتر