قوباد تاڵەبانی: تاوانە گەورەكەی سەیرانگەی پەرەخ ویژدانی ھەموو ھاوڵاتییانی عێراق و ھەرێمی ھەژاند

  2022-07-23 12:14      258 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی پەیامێكی لەبارەی رووداوەكەی سنوری زاخۆ بڵاوكردەوەو رایگەیاند، تاوانە گەورەكەی سەیرانگەی پەرەخ ویژدانی ھەموو ھاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی كوردستانی ھەژاند، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی ١٠٠ ھاوڵاتی مەدەنی ھەرێمی كوردستان بەھۆی بۆردومانە بەردەوامەكانەوە شەھید بوون، بۆ حكومەتی فیدراڵ جارێك ھەڵوێستێكی جدی نەبوو؟

دەقی پەیامەكە...

لەگەرمای تەموزی بەغدادو باشوورەوە ھاتبوون تا جەستەی خۆیان بدەنە بەر فێنكایی تاڤگە و  شنەبای سەیرانگاو ھاوینەھەوارەكانی كوردستان، كەچی بەداخەوە جەستەی خوێناویی بێ گیانیان رادەستی كەسوكار و خانەوادەكانیان كرایەوە.
تاوانە گەورەكەی سەیرانگای پەرەخ ویژدانی ھەموو ھاوڵاتییانی عێراقی ھەر لە دھۆك و ھەولێر و سلێمانییەوە ھەتا بەغداد و نەجەف و بەسرەی ھەژاند و ھەموولایەكی تازیەباركرد. ئێستا نەك ھەر خانەوادەكانیان، بەڵكو ھەموو عێراق خاوەن پرسەی نۆ شەھیدەكەی سەیرانگای پەرەخن.
تاوانەكە بۆ ئێمە لە ھەرێمی كوردستان واتایەكی دیكەشی ھەبوو، ھاوڵاتیانی كوردستان دووجار ویژدانیان ھەژا، جارێكیان وەك ھەر مرۆڤێكی خاوەن ویژدان، وەك ھەر ھاوڵاتییەكی دیكەی عێراق خەمبارو دڵگران بوون بەو رووداوە دڵتەزێنە و شەھیدبوونی نۆ ھاوڵاتی مەدەنی. جارەكەی دیكەشیان وەك كوردێكی بێكەس و بێ پشتوپەنا، كە بەردەوام قوربانین و كەس ھاواریان نابیستێت!
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی ١٠٠ ھاوڵاتی مەدەنی ھەرێمی كوردستان بەھۆی بۆردومانە بەردەوامەكانەوە شەھید بوون، بۆ حكومەتی فیدراڵ جارێك ھەڵوێستێكی جدی نەبوو؟
ئێمە خۆشحاڵین و جێی پێزانینە كە ئەمجارەیان حكومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عێراقییەكان بە گشتی و تەنانەت كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ھەڵوێستی شیاو و گونجاویان ھەبوو، بەڵام جێی خۆشییەتی وەبیریان بھێنێنەوە كە ئێمە لە رابردوودا بە دەیانجار داوای ھەڵوێستی جدیمان لێكردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاكی عێراق، كەچی بە داخەوە تەنھا یەك دوو جار نەبێت كە بە ئیدانەكردنێكی سەرپێیی لەكۆڵ خۆیان كردەوە. 
ئەگەر پێشتر ھەڵوێستی جدی ھەبوایە، رەنگ بوو كارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێكی جوان لەمانگی ھەنگوینیی خۆیدا شەھید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێكمان بەفرۆكە رەوانەی بەغدا نەكردایە!
من دەڵێم خوێنی كەس لەكەسی تر سورتر نییە!
ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەساڵی ٢٠١١دا ھەڵوێستی ھەبووایە بەرامبەر تاوانی شەھیدكردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیكەی خانەوادەكەی لەچیای كورتەك، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٥دا ھەڵوێستی ھەبووایە بەرامبەر شەھیدكردنی ٨ ھاوڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر ھەڵوێستی ھەبووایە بەرامبەر بەشەھیدكرانی دەیان ھاوڵاتی مەدەنی دیكە لە ناوچە جیاوازەكانی ھەرێمی كوردستان، ئەستەم بوو ئەم رۆژانە تاوانەكەی سەیرانگای پەرەخ روویدابایە.
بەپێی دەستور پاراستنی سەرەوەری عێراق بە ھەرێمی كوردستانیشەوە ئەركی حكومەتی فیدراڵە، ھەربۆیە چ وەك حكومەتی ھەرێم و چ وەك ھاوڵاتیانی كوردستان چاوەڕوانیمان لە حكومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فیدراڵییەكان ئەوەیە بێ ھیچ فەرق و جیاوازییەك بەرامبەر ھەر پێشێلكارییەكی سەرەوەری عێراق ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن.
داواكارم و كار بۆ ئەوە دەكەم ئەم رووداوە كارەساتاوییە تەبایی بێنێتە نێو لایەنە سیاسییەكانی عێراق و لەیەكیان نزیكبكاتەوە و وایان لێبكات دڵۆپێك خوێنی ھاوڵاتییەكمان لەھەموو شتێكی تر پێ گرنگتر بێت. حكومەتێك دەتوانێت ژیانی ھاوڵاتیان و سەرەوەری خاكەكەی بپارێزێت كە بتوانێت لەناوخۆدا كۆك و تەبابێت و جێی متمانەی ھاوڵاتیانی بێت.
دروود بۆ گیانی پاكی شەھیدانی گوندی پەرەخ و سەرجەم شەھیدانی بۆردومانەكانی ساڵانی رابردوو.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو