د. ڕێواز فائق بە جیا سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی چوار لێژنەی پەرلەمانی کرد

  2022-06-20 17:15      114 جار بینراوە        کۆمێنت



ئه‌مڕۆ دووشه‌ممە ٢٠٢٢/٦/٢٠،  د. ڕێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بە جیا سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی چوار لێژنەی پەرلەمانی کرد.

لە کۆبوونەوەی یەکەمدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی د.بژار کۆچەر سەرۆکی لێژنەی کاروباری یاسایی و جێگر و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە کۆبووەوە، سەبارەت بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی دەنگدان لەسەر  پێشنیازەیاسای هەمواری جێبەجێکردنی یاسای چاودێری نەوجەوانانی ژمارە ٧٦ ی ساڵی ١٩٨٣، تایبەت بە لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافی مرۆڤ.

لە کبوونەوەی دووەمدا د. رێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لێژنەی ناوخۆ و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی کرد، بە ئامادەبوونی شاخەوان رەئوف بەگ سەرۆکی لێژنە و جێگر و بریاردەر و ئەندامان و راوێژکارانی لێژنەکە، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای (بەرکارکردن و هەمواری یاسای گرتنی مایەی قاچاخ و قەدەغەکراو بۆ ئاڵوگۆڕکردن لە بازاڕە نێوخۆییەکان، ژمارە ١٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ ی هەموارکراو)، بەمەبەستی تاوتوێکردن و داڕشتنەوەی ئەو پێشنیارانەی کە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشکەشکراون سەبارەت بە پێشنیارە یاساکە.

لە کۆبوونەوەی سێیەمدا د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بە ئامادەبوونی عبدالسلام دۆڵەمەری سەرۆکی لێژنەکە و جێگر و بڕیاردەر و ئەندامان و راوێژکارانی لێژنەکە، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای (دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان)، و گفتوگۆ کرا لەسەر سەرجەم ماددە و بڕگەکانی نێو پڕۆژەیاساکە، بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتی هاوبەش.

لە کۆتا کۆبوونەوەشدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پرۆژەیاسای(وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان- عێراق) لەگەڵ لێژنەی یاسایی کۆبووەوە، سەرجەم بڕگە و ماددەکانی پڕۆژەیاساکە تاوتوێکران، بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی پڕۆژەیاساکە و خستنەرووی لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو