قوباد تاڵەبانی: بەهۆی تێکچوونی ژینگە و کەمئاوییەوە لەبەردەم مەترسی گۆڕانکاری دیموگرافیداین

  2022-06-19 19:18      84 جار بینراوە        کۆمێنت
لایەنێک لە رێوڕەسمەکە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە رێوڕەسمی کردنەوەی سۆلارسیستم لە فامیلی مۆڵی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی تێکچوونی ژینگە و کەمئاوییەوە عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسی گۆڕانکاری دیموگرافیدایە و ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی قەیرانی سیاسی و ناسەقامگیری لە داهاتوودا.
لە وتارەکەیدا کە ئەمڕۆ رۆژی یەکشەمە 19ی حوزەیران لە رێوڕرسمەکەدا پێشکەشی کرد، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە دەبێت لایەنە سیاسییەکان پرسی ژینگە بخەنە ئەولەوییەتی سیاسەتیان و لە دانووستانەکانیدا لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بیکەنە مەرج بۆ دەنگدان بە کابینەی داهاتوو. 
هەر لەم چوارچێوەیەدا بە ئاماژەدان بە مەترسییەکانی تێکچوونی ژینگە و کەمئاوی و تەشەنەسەندنی دیاردەی بەبیابانبوون، رایگەیاند ئەگەر لە رابردوودا کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بریتی بوو لە پێشمەرگایەتی و هەڵگرتنی چەک، لە ئەمڕۆدا کوردایەتی واتا پاراستنی ژینگە و ئاو و خاکی وڵاتەکەمان، هەربۆیە ئەرکی نیشتمانی هێزە سیاسییەکانە پاراستنی ژینگە بخەنە ئەولەوییەتی کاری سیاسیانەوە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی لەوەکرد پاراستنی ژینگە تەنها ئەرکی رێکخراوێک و لایەنێک، یان حکومەت نییە، بەڵکو پێویستە پرسی ژینگە بکرێتە پرسێکی نیشتمانی. جەختیشی کردەوە هەرکاتێک ئەم پرسە بووە پرسێکی نیشتمانی، ئەو کاتە حکومەتی فیدراڵیش ناچار دەبێت بودجەی بۆ دابین بکات. ئاماژەی بەوەشدا لە حکومەتی هەرێمیش کار دەکەن پلانی ستراتیژی بۆ پاراستنی ژینگە دابنێن.
جێگری سەرۆک وەزیران لە بەشیكی تری وتارەکەیدا لەگەڵ ستایش و دەستخۆش بۆ هەنگاوی دەستپێشخەرانەی فامیلی مۆڵ و گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە داوایکرد کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی دیکەش گرنگی بە سۆلارسیستم بدەن و راشیگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ هاندانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەران تا گرنگی بە دابینکردنی کارەبا بدەن لەڕێگەی سۆلارسیستمەوە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو