بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ فایەق زێدان كۆبۆوە
فایەق زێدان: عیراقی نوێ دەبێت سوپاسگوزاری سەرۆك مام جەلال بێت

  2022-06-15 12:35      140 جار بینراوە        کۆمێنت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا چاویكەوت بە فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق.
‏‎لە دیدارێكدا جەخت لە دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی دادگاكان كرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چەسپاندنی یاسا و پارێزگاریكردن لە دەستوور لەپێناو سەقامگیری سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی لە وڵاتدا.
‏‎ھەر لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی یەكخستنی هەوڵەكان و تەواوكردنی رێكارە یاسایی و دەستوورییەكان كرا بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی خزمەتگوزار بە بەشداری هەموولایەنە سیاسییەكان و دروستكردنی حكومەتێك كە ببێتە چەترێك بۆ هەموو عیراقییەكان و كار بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی سەقامگیر بكات.
‏‎فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق بەگرنگییەوە باسی لە رۆڵ و پێگەی سەرۆك مام جەلال كرد و رایگەیاند، عیراقی نوێ دەبێت سوپاسگوزاری سەرۆك مام جەلال بێت، چونكە ئەو كۆكەرەوەی هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكان بوو.
 هەروەها ستایشی هەوڵەكانی سەرۆك بافڵی كرد كە لە ماوەی رابردوودا رۆڵێكی ئەرێنی بینیووە لە یەكخستنی هێز و لایەنە سیاسییەكان و هۆكارێك نەبووە بۆ دروستكردنی پشێوی و دووبەرەكی. وتیشی ئێمە بەم هەنگاوە دروست و كاریگەرانەدا، سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلالمان دێتەوە یاد و دڵنیاین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژەپێدەری ئەو رێبازە دەبێت.
‏‎لە بەرامبەردا سەرۆك بافڵ داوای لە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كرد رۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن و پارێزەری مافی ھەموو عیراقییەكان بن بە نەتەوە وپێكھاتەكانیشەوە. هەروەها هاوكار و پشتیوان بێت بۆ داكۆكیكردن لە مافە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو