بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار چڕبكرێنەوە

  2022-06-14 15:21      124 جار بینراوە        کۆمێنت

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانی عەزم و بزووتنەوەی بابلیون کۆبوونەوە.
وەفدی یەکێتی پێکھاتبوون لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی و رزگار حەمە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و لەکۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و رێگەچارەکانی پەلەکردن لەتەواوکردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان بەبەشداری هەموو هێزە نیشتمانییەکان تاوتوێ کران.
بەشدارانی کۆبوونەوەکە دووپاتیان کردەوە کە قۆناغی داهاتوو گرنگەو پێویستی بە پەلەکردن لەدەستپێکردنی هەنگاوە کردەییەکانی تەواوکردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارو پێکهێنانی حکومەتێکی گونجاو هەیە کە توانای جێبەجێکردنی داواکاری عیراقییەکانی هەبێت و ژیانێکی شایستە دەستەبەر بکات و ئاسایش و سەقامگیریش بۆ هەمووان دابین بکات.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەیەکخستنی ھەوڵەکان کردەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە ببێتە ھۆی سەقامگیری زیاتر لە وڵات و ھەنگاوو ئاڕاستە سیاسییەکانیش لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی و بنەما دەستوورییەکان بنرێن.
 سەرۆک بافڵ راشیگەیاند، هەوڵبدرێت سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان بەشداربن لەحکومەتی نوێی عیراق و جیاوازییەکانمان بخەینە خزمەت ھێنانەدی ئامانجە باڵاکان، چونکە ئەگەر بمانەوێت وڵاتێکی ئارام، ئاوەدان و پێشکەوتوو بونیادبنێین، پێویستمان بەوەیە ھەموومان پێکەوە شان بدەینە بەر راپەڕاندنی ئەرکە چارەنووسسازو نیشتمانییەکان،  ئەمەش ئەو سیاسەتە دروست و حەکیمانەیەیە کە یەکێتی کار بۆ بەدیهێنانی دەکات.
چوارچێوەی هەماهەنگیش داوای لەهەموو هێزە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عیراق کرد بەشداری گفتوگۆکان بکەن و ئامادەییشی دەربڕی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەسۆنگەی باوەڕبوون بەوەی کە دەبێت حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی بەهێز بێت، خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، یەکپارچەیی و سەروەری وڵات بپارێزێت و بەشداربێت لە پاراستنی رۆڵ و پێگەی عیراق لەناوچەکەدا.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو