ناوەرۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی
2022-06-11 19:23     7191 جار بینراوە      کۆمێنت
بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی وەفدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ شەممە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی کردو بەگەرمی پێشوازی لێکرا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە د.خەسرەو گوڵ، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، رزگار عەلی، کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، جەخت لەگرنگیی پاڵپشتی و پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی کرایەوە بەئاراستەی زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان. لەکۆبوونەوەکەدا چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پێویستییان بەچارەسەرە تاووتوێ کرا.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەپشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرخستنی کارنامە چاکسازییەکەی و داکۆکیکردن لەماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان کردەوە. هاوکات راشیگەیاند: یەکێتی دژی ھەر ھەوڵێک دەوەستێتەوە کە رێگە بۆ شەڕ لەنێوان لایەنە کوردییەکان خۆش دەکات و جەختی کردەوە، لای ئێمە کوشتنی کورد بەدەستی کورد ھێڵی سوورە.
لەبەرامبەردا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم، کارنامەیەکی چاکسازی هاوبەشی هەیە کە بۆ هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتەو پێویستە وەک یەک تیم، بەهاوکاری و پشتیوانیی هەموو لایەنە کوردستانییەکان کار لەپێناو جێبەجێکردنی کارنامەکەو خزمەتکردنی هاووڵاتییان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەن.
بابەتی زیاتر