دکتۆر بەرهەم : پێویستە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بکەینە ئەرکێکی نیشتمانی، چونکە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئایندەی وڵاتەکەمان

  2022-06-05 19:14      83 جار بینراوە        کۆمێنت

لە رۆژی جیهانی ژینگەدا دکتۆر بەرهەم رایگەیاند، پێویستە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بکەینە ئەرکێکی نیشتمانی، چونکە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئایندەی وڵاتەکەمان

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 5 ی حوزەیرانی 2022 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، لە رۆژی جیهانی ژینگەدا کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی جاسم فەلاحی، وەزیری ژینگە و نوێنەرانی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یونسکۆ و رێکخراوە مەدەنییەکانی عێراق کە تایبەتن بە پاراستنی ژینگە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەپێویستی چارەسەرکردنی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا وەک ئەرکێکی نیشتمانی، چونکە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئایندەی وڵاتەکەمان، ھەروەک دووپاتیکردەوە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، بۆیە پێویستی بە چارەسەری خێرایە، ھەروەھا ئاماژەی بە پێویستی بووژاندنەوەی خاکی میزۆپۆتامیا کرد لە رێگەی پلانی ستراتیژی نیشتمانی کە بۆ ئەو مەبەستە دارێژراوە، ھاوکات دووپاتیکردەوە لە پێویستی ھاوبەشیکردن لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەنجان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوھەوا.

دکتۆر بەرھەم ئەوەشی خستەروو کە دانیشتوانی عێراق ئەمڕۆ زیاترە لە 41 ملیۆن هاووڵاتی و دوای 10 ساڵی دیکە دەبێتە 52 ملیۆن و لە ساڵی 2050 دا دەبێتە 80 ملیۆن هاووڵاتی، بۆیە خواست لەسەر ئاو زیاد دەکات و لە هەمان کاتدا وشکەساڵی کاریگەری لەسەر ‎%‎39 خاک و کەمی ئاو دەبێت و بەشێوەیەکی نەرێنی کار دەکاتە سەر ھەموو وڵات و دەبێتە ھۆی لەدەستدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە پێشبینی دەکرێت کەمبوونەوەی ئاو تا ساڵی 2035 بگاتە 10.8 ملیار مەتر سێجا بەپێی ئەو توێژینەوانەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو کردوویەتی، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە و فورات و بەھەڵمبوونی ئاوی بەنداو و نوێنەکردنەوەی رێگاکانی ئاودێری.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار  ئاماژەی بەوەکرد کە پرۆژەی بووژاندنەوەی خاکی میزۆپۆتامیا کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە ئاڕاستە کراوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا، پڕۆژەی ھەموو عێراق و ناوچەکەیە و پشت بە بەرنامە ستراتیژییەکان دەبەستێت کە بریتین لە چاندنی دار و نوێکردنەوەی بەڕێوەبردنی ئاوی دیجلە و فورات، بەرهەمهێنانی وزەی پاک و یەکخستنی پلانە ژینگەییەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتر لە رێگەی ھاوئاھەنگی هاوبەشەوە، چونکە گۆڕانی کەشوھەوا و وشکەساڵی هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ھەمووان.

ھاوکات سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لەگەڵ هەڵکەوتە جوگرافییەکەی لە دڵی ناوچەکەدا و هه‌مه‌ڕه‌نگی ژینگەیەکەی لە خورما و زۆنگاو و چیا سەرکەشەکانی کوردستان دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ کۆکردنەوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رووی ژینگەییەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە پێویستە پشتیوانییەکی زۆر لەگەنجان بکرێت، تاوەکو کار بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، ھەروەک ئاماژەی بەوەدا کە گەنجانی عێراق هاوکارێکی سەرەکین لە بابەتی پاراستنی ژینگە و دەستپێشخەریی نایابیان هەیە لەم بوارەدا، ھاوکات رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو رووەوە بەرزنرخاند.

لە کۆتاییدا دکتۆر بەرھەم ئەوەشی خستەروو، کە گۆڕانی کەشوھەوا قەیرانێکی جیھانییە و زۆربەی وڵاتانی گرتووەتەوە، بۆیە گرنگە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەکان ببینەوە و کاریگەرییەکانی کەم بکەینەوە، ھەروەھا رایگەیاند، ھیچ وڵاتێک سەرکەوتوو نابێت کە پێی وابێت دەتوانێت بە تەنھا رووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا ببێتەوە، ھەروەک ئاماژە بەوەدا کە خۆڵبارین و کەمی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەبیابانبوون مەترسییەکی گەورەیە و سنوورەکانی تێپەراندووە، بۆیە تەنھا بە هەماهەنگی و پلاندانانی هاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی باڵا چارەسەر دەکرێن.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو