قوباد تاڵەبانی: چارەسەركردنی كێشەی خۆڵبارین و ژینگە دەكەینە مەرج بۆ دەنگدان بە حكومەتی نوێی عێراق

  2022-05-24 19:03      100 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان داوا لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكات پرسی ژینگە بكاتە مەرج بۆ دەنگدان بەكابینەی نوێی حكومەتی عێراق.

قوباد تاڵەبانیك راگەیەندراوێكی لەبارەی پرسی ژینگە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، دەبێت حكومەتی داھاتوو لەكارنامەی خۆیدا بەڵێن بدات پلانی زانستی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ژینگە ئامادە بكات و ساڵانە بودجەی پێویستی بۆ تەرخان، بەپێچەوانەوە دەبێت یەكێتی ئامادە نەبێت دەنگ بەو كابینەیە بدات.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، " داوا لەسەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەم، بەخۆشمەوە، دەستپێشخەربین و پرسی ژینگە، لەپاڵ داواكارییە رەواكانی تری وەك بودجە و موچە و پێشمەرگە و قەرەبوی كەس و كاری شەھیدان و ئەنفالكراوان…ھتد، بە فەرمی بكەینە مەرج بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق."

قوباد تاڵەبانی داواش لەچالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی عێراقی و كوردستانی و میدیاكانیش دەكات گرنگی زیاتر بە پرسی ژینگە بدەن و فشارەكانیان لەسەر لایەنە سیاسییەكان چڕ بكەنەوە تا بابەتی چارەسەركردنی كێشەكانی ژینگە بخەنە ئەولەوییەتی كاری سیاسی و حكومڕانییەوە.

دەقی راگەیەندراوەكەی قوباد تاڵەبانی:

پرسی ژینگە وەك ئەولەوییەت

مەترسییە ژینگەییەكان بەگشتی و خۆڵبارین بەتایبەتی، ساڵ لەدوای ساڵ بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەمساڵیش خراپتر لەھەر ساڵێكیتر كە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ھەفتەیەك نەبووە چەند رۆژ خۆڵبارین نەبووبێت. 
كێشەی ژینگە تەنھا خۆڵبارین نییە، كێشەی ئاویش كێشەیەكی سەرەكی عێراقە و بەپێی راپۆرت و توێژینەوە زانستییەكان لەوانەیە قەیرانی ئاو لەداھاتوودا ببێتە ھۆكار بۆ ئاڵۆزی و نا ئارامی و پێكەوەژیانیش بخاتە مەترسییەوە. ئەمانە و كۆمەڵێك مەترسی دیكەی ژینگەیی..

بەڵام ئەوەی جێی داخ و نیگەرانییە، پرسی ژینگە بەم ھەموو مەترسییەوە تا ئێستا نەبووەتە پرسی سیاسەت. ھیچ لایەنێكی عێراقی ئەم پرسەی نەخستووەتە ئەولەوییەتی دووەم و سێیەمیشیەوە. لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا لە پرۆسەی دانووستانەكانی پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا لایەنەكان دونیایەك مەرجیان لەسەر یەكتر داناوە و لەسەر پۆست و ئیمتیاز و بچوكترین شتەكان ململانێی توند دەكەن، كەچی ھیچ لایەنێك پرسی چارەسەركردنی كێشەی ژینگە و خۆڵبارینی نەكردوەتە مەرج، لە كاتێكدا ئێستا ئەم كێشەیە كێشەیەكی سەرەكی خەڵكی عێراق و كوردستانە و ژیانی خەڵكی تاڵ كردوە.
لەناو ئەم خەمساردییە سەرتاپاگیرەوە دەبێت لە شوێنێكەوە ھەنگاوبنێین بۆ كۆتاییھێننان بەم خەمساردییە. ھەربۆیە داوا لە سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەم، بەخۆشمەوە، دەستپێشخەربین و پرسی ژینگە، لەپاڵ داواكارییە رەواكانی تری وەك بودجە و موچە و پێشمەرگە و قەرەبوی كەس و كاری شەھیدان و ئەنفالكراوان…ھتد، بە فەرمی بكەینە مەرج بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و ئەگەر حكومەتی داھاتوو لەكارنامەی خۆیدا بەڵێن نەدات پلانی زانستی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ژینگە ئامادە بكات و ساڵانە بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەكات، فراكسیۆنی یەكێتی ئامادە نەبێت دەنگ بەو كابینەیە بدات.
داواش لەچالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی عێراقی و كوردستانی و میدیاكانیش دەكەم گرنگی زیاتر بەم پرسە بدەن و فشارەكانیان لەسەر لایەنە سیاسییەكان چڕ بكەنەوە تا بابەتی چارەسەركردنی كێشەكانی ژینگە بخەنە ئەولەوییەتی كاری سیاسی و حكومڕانییەوە.
كاتی ئەوەش ھاتووە خۆشمان لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بەكێشە ژینگەییەكان بدەین.
دەسەڵات و دەسەڵاتدارەكان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان و خەڵك لەسەر شوێنی خۆیان دەمێننەوە، نیشتمان و ژینگە بۆ نەوەكانی داھاتووشە و نابێت رێگە بدرێت ژینگەیەكی وێران بۆ نەوەكانی داھاتوو جێ بمێنێت.

 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو