وەفدێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەردانی بارەگای بەرەی توركمانیان كرد
2022-05-19 19:30     158 جار بینراوە      کۆمێنت
ئەمڕۆ پێنچ شەممە (19/5/2022)، لە شاری هەولێر، وەفدێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەسەرپەرشتی هەڤاڵ (ئەمین بابەشێخ) ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندیەكان و بە ئامادەبوونی (دكتۆر میران محەمەد عەباس) ئەندامی مەكتەبی سیاسی و (حمەی حمە سعید و سالار سەرحەد) ئەندامان سەركردایەتی، سەردانی بارەگای بەرەی توركمانیان كرد و لەلایەن بەرێز (ئایدن مەعروف) ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی بەرەی توركمانیی لە هەرێمی كوردستان پێشوازیان لێكرا.
لە كۆبوونەوەكەی جەختكرایەوە كە سیستەمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ڕەنگدانەوەی پێكهاتە فرەیی بێت، دژی هەر هەوڵێكیش بوەسترێتەوە بە ئاراستەی دەستكاریكردن بۆ ڕێژەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان و لەباربردنی ژینگەی پێكەوەژیانی لە هەرێمی كوردستاندا، دەشبێت نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكان لەناو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن نوێنەرایەتی پێكهاتەكان بكات.
هاوكات وەفدەكەی یەكێـتی جەختی لە بەهێزكردنی یەكڕیزی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیری هەرێمی كرد لە رێگەی بەشداری هەموو پێكهاتەكان بۆ بەرجەستەكردن و فەراهەم كردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هاووڵاتیان، و پاراستنی مافی تەواوی پێكهاتەكان بۆ پیادەكردنی ڕۆڵی كاریگەریان و دەستەبەركردنی مافەكانی پێكهاتەی توركمان بە تایبەتی، لەسەر ئەو بنەماییەی یەكێتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شانازی بەو رێبازە پێرۆزەی مام جەلالەوە دەكات كە خۆی بە پارێزەری راستەقینەی مافی سەرجەم پێكهاتەكان دەزانێت.
بابەتی زیاتر