٣٧ ساڵ بەسەر شەھیدكردنی مامە ریشەو ھاوڕێكانیدا تێدەپەڕێت
2022-01-24 10:56     1127 جار بینراوە      کۆمێنت
نەجمەدین شكور رەئوف ناسراو بە مامە ریشە پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو لە شۆڕشی نوێی كوردستاندا و سەر بە تیپی ٥٧ی سەگرمە بوو.
مامە ریشە لە مێژووی شۆڕشی چەكداری كورددا وەك ئەفسانەیەك دێتە بەرچاوو چۆنێتی بەشداریكردنی لەشەڕو هێرشبردندا تاكو ئێستاش لە نێو بیرەوەری خەڵكدا ماوە.
نەجمەدین شكور ەئوف، ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی تاڵەبانی قەزای چەمچەماڵ لە ناوچەی گەرمیان، لە بنەماڵەیەكی جوتیاری كوردپەروەرو لە ژینگەیەكی پاك و بێگەردی كوردایەتیدا ھاتۆتە دنیاوە، لەبەر ھەژاری و دەست كورتی بنەماڵەكەی خوێندنی بۆنەكراوە.
ساڵی ١٩٧٨ كە ڕژێم شاڵاوی تەعریب و ڕاگواستنی لە كوردستاندا گەیاندە ترسناكترین ئاست، كارەساتی گوندە كاولكراو و جوتیارە ڕاگوێزراوەكان مامە ڕیشەی والێكرد چەكی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی نوێدا بكاتە شان و لەڕیزی ھەڤاڵەكانیدا دڕ بە شەوەزەنگی داگیركردن بدات. سەرەتا لەبەر بێ متمانەیی و باوەڕ نەبوون پێی لە پێشمەرگایەتی وەرنەگیراوە، ئیتر خۆی بەتەنھا و بە چەكی خۆی گونداوگوند گەڕاوەو پڕوپاگەندەی بۆ پێشمەرگە كردووەو ھەر ئەم ھەڵوێستەش وای لێكردووە كە لەپێشمەرگایەتی وەربگیرێت.
لەبەر ھەژموون و گەورەیی ھێزی چەكدارو ھەڵسانەوەی شۆڕش و پەیڕەوی دروست و كۆبوونەوەی جەماوەرو بەھێزترین ھێزی چەكدارو سنوری ناوچەی مامە ڕیشە وەك لانكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم ھۆكارانە وەھای كرد ببێتە پێشمەرگەی ئەو پارتە سیاسیە.
مامە ریشەی قارەمان لە ماوەیەكی كەمدا بە چالاكییە پڕ جەربەزەكانی توانی نەك ھەر دڵسۆزی خۆی بۆ شۆڕش بسەلمێنێ، بەڵكو وەك پاڵەوانێكی كەموێنە ناوبانگی دەركرد، لەو دەشتە كاكی بەكاكییانەی ناوچەكانی (ھەمەوەند و جەباری و قادركەرەم و دەوروبەری شاری كەركوكدا)، گورزە بەھێزەكانی مامە ڕیشە لە ھێزی داگیركەر ھێندە كاریگەر بوون، كە ھەر ناوبردنی ئەو جەنگاوەرە جوامێرەی گەل بەس بوو بۆ زارەترەك كردنی لەشكری دوژمن.
لە ساڵی ١٩٧٩ەوە ئەم ئازایەتییە دەگمەنەی تێكەڵاوی كاری پێشمەرگانەو پێشخانی شۆڕش كردووە و لە كەرتی (٤)ی بازیان درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتیدا. لەگەڵ ھەموو چالاكییەكدا ناوبانگی ئەم شۆڕەسوارە بەرزتر دەبووەوە و خۆشەویستییەكەی لە دڵی میللەتدا زیاتر دەبوو.
ئەو سەردەمەش كە كرایە فەرماندەی كەرتی چواری جەباری، ڕژێم لە ترسی شاڵاوی ئەم ھەڵۆیە ھەموو ھاتوچۆیەكی لە نێوان كەركوك و بازیاندا قەدەغە كرد و ناوی مامە ڕیشە كەوتە ناو سروود و دروشمە جەماوەرییەكان.
زۆربەی داستانە پڕ سەروەرییەكانی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، ھەر لە شەڕی تەپەعارەبی نەریمان و حەمك تا داستانی ڕزگار كردنی بێتواتە جێ پەنجەی مامە ڕیشەی پێوە دیارە، ئەم پێشمەرگە چاونەترسە لە شەڕی پێشمەرگایەتیدا چوار جار بریندار كراوە و لەسەر ئەو ھەڵوێست و ناوبانگەش كاربەدەستانی ڕژێم باوكی مامەڕیشە و ئەحمەدی برایان شەھید كردووە.
مامەڕیشە بە پلانێكی پێشوەختەی ئەوكاتی حكومەتی بەعس و بەكارھێنانی خۆفرۆشان (جاش)، ئەم زاتەیان لەخشتە برد بەناوی دانوسان و ھاتنە ڕیزی پێشمەرگە لەگەڵ كۆمەڵێك لە خۆفرۆشان بچێتە كۆبوونەوە، لەڕۆژی ٢٤ی كانونی دووەمی ساڵی ١٩٨٥، كاتێك بەڕێدەكەوێت بۆ ناوچەی كۆبوونەوە و شوێنی نھێنی لەڕێگادا و لەگوندی حەسەن ئاوا-ی سنوری كەركوك دەكەوێتە بۆسەی خۆفرۆشانەوە لەگەڵ دوو ھاوڕێ و ھاوسەنگەری بەناوەكانی (سەردار و موحسین) شەھید دەكرێن.
بابەتی زیاتر