وەزیری پێشمەرگە: لەهەر شوێنێک داعشی لێبێت، بەهەماهەنگی سوپای عیراق دەتوانین جوڵەی پێشمەرگەی بۆ بكەین

  2021-12-07 18:12      585 جار بینراوە        کۆمێنت
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە

ئەمڕۆ سێشەممە 7ی کانوونی یەکەم، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: لەئێستادا ئاستی پەیوەندییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەو بەرگری عیراق و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان زۆر باشەو پێكەوە لەگەڵ سوپا هەوڵدەدەین تا بتوانین ئەو دەرفەتانەی بۆ داعش رەخسابوو لەناوببەین و جوڵەیان نەهێڵێن.
وتیشی: كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ هێزە عیراقییەكان بەردەوامەو ئەوەش پەیامێكی دڵخۆشكەرە بۆ دانیشتوانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم تا بتوانین پێكەوە زیانی گەورە بەداعش بگەیەنین و چالاكییەكانیان كەمبكەینەوە، ئەویش لەڕێی هەماهەنگی و پێكەوە كاركردنی پێشمەرگەو سوپای عیراق.
راشیگەیاند: بۆ شەڕی داعش فەرماندەكانی پێشمەرگە ئەزمونێكی باشیان هەیەو توانیویانە زیانی زۆر بەداعش بگەیەنن.
لەبارەی دابینكردنی دوربینی حەراری بۆ پێشمەرگە، وتی: هاوپەیمانان هیچ دوربینێكی حەراریان بەپێشمەرگە نەداوە.
لەبەشێكی تری كۆنگرەكەدا، شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاند: پاراستنی نهێنی هێزی سەربازی چەند گرنگە بۆ پاراستنی هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام هەندێك كەناڵ و راگەیاندن بێڕەحمانە سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان بڵاوكردوەتەو‌ەو بوەتە زیان بۆ پێشمەرگەو سەرچاوەی زانیاری بۆ دوژمنان، بۆیە بڕیاری قەدەغەكردنی رووماڵی بەرەكانی جەنگ لەلایەن ئێمەوە لەو چوارچێوەیەدا بووە، نەك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی راگەیاندن.
ئەوەشی وت: لەهەر شوێنێك گروپی تیرۆرستی داعشی لێبێت،بەهەماهەنگی سوپای عیراق پێكەوە بەڕەزامەندی هەردوولا دەتوانین جوڵەی پێشمەرگەی بۆ بكەین و مەترسی داعش لەو ناوچانە نەهێڵین.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو