راگەیەندراوێكی‌ بەپەلە لەئاسایشی‌ سلێمانی-یەوە

  2021-11-24 11:02      1640 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەو كەسەی لەخۆپیشاندانەكەی دوێنێی سلێمانی شەقی لەسەری خوێندكارێكدا ‏دەستگیركرا.
ئاسایشی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، ئەو كەسەی شەقی لەسەری ‏خوێندكارەكە داوە دەستگیركرا.
پێشتر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لایەنی پەیوەندیداری راسپاردبوو ‏بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسەی لەخۆپیشاندانەكانی دوێنێ شەقی لەسەری خوێندكارێكداو ڤیدیۆكەی بڵاوكرابووەوە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
راگە‌یە‌ندراوێك بۆ رایگشتی
لەكاتێكدا خوێندكاران وەك مافێكی رەوای خۆیان خۆپیشاندانیان ئە‌نجامدا بەمەبەستی خستنەڕووی چەند داواكاریەك و هێزە ئەمنییە‌كانیش وە‌ك هە‌میشە‌ ئە‌ركی سە‌رشانی خۆیان جێبە‌جێ دە‌كرد لەپارێزگاری و پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندەران، بە‌داخە‌وە‌ چەند كەس و لایەنێك بۆ مەرامی سیاسی نارەوای خۆیان لەڕێی چەند كەسێكی گومان لێكراوەوە هەوڵیاندا ئاراستەی خۆپیشاندان و داخوازی خوێندكاران بەلاڕێدا بەرن بەرەو توندو تیژی و تێكدانی ئارامی شاری سلێمانی لەڕێگەی پەلاماردانی بارەگا حكومی و حیزبیەكان و رێگری و ئاستەنگ درووست كردن بۆ هاتووچۆی هاوولاتیان و پەلاماردان و ئازاردانی كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان و سوكایەتی كردن بەئاڵای پیرۆزی كوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا چەند كەسێك بەشێوەی بەرنامە دارێژراو پەلاماری مەفرەزەیەكی ئەمنی دەدەن و لەكاردانەوەی بەرگریكردن لەخۆو دەست گیركردنی كەسەكان، جێگەی داخە كارمەندێك كاردانەوەی توندی دەبێت و ئازاری یەكێك لەو كەسانە دەدات. ئێمە‌ وەك بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لەكاتێكدا دووپاتی دە‌كە‌ینە‌وە‌ بەردەوامین لەسەر بەرپاكردنی ئاسایش بۆ سەرجەم هاوولاتیان بەخۆپیشاندەرانیشەوە، لەهەمان كاتدا نیگەرانی خۆمان دەردەبرین بەرامبەر هەموو توندوتیژیەك.
هە‌رلێرەشە‌وە‌ بەسەرجەم هاووڵاتییانی شارەكەمان رادەگەیەنین، سەبارەت بەڕەفتاری ئەو كارمەندە لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرێوەبەرایەتیمان دەست بەجێ هەستا بەدەستبەسەركردن و ئەنجامدانی كاری یاسایی لەگەڵ ئەو كەسە، لێرەشەوە رایدەگەیەنین وەك بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رێگە بەهیچ ئەفسەرو كارمەندێك نادرێت كاردانەوەی توندو دوور لەیاسا لەگەڵ خۆپیشاندەران ئەنجام بدەن. هەروەها ئاگاداری خوێندكاران دەكەین كە ئێمە پاڵپشت و پشتیوانی داوا رەواكانیانین و لەهەمان كاتدا داواكارین خوێندكارانی خۆشە‌ویست زیاتر چاوكراوەو بەئاگابن و رێگە نەدەن كەسانێك بۆ مەرام و بەرژەوەندی سیاسی خۆیان داواو خواستی خوێندكاران بقۆزنەوەو ئاراستەی خۆپیشاندانی هێمنانەیان بگۆرن بۆ ئاژاوەو تێكدانی ئاسایش و ئارامی شاری سلێمانی و سەرجەم هاوولاتیان.
بە‌ڕێوەبە‌رایە‌تی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی
H.S.A

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو