دووه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

  2017-09-23 21:28      760 جار بینراوە        کۆمێنت
واده‌ی ده‌ستپێكردنی دووه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی نێودوڵه‌تی سلێمانی دیاریكرا

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 23-9-2017 له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا واده‌ی ده‌ستپێكردنی دووه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی نێودوڵه‌تی سلێمانی دیاری كرا كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو ده‌بێت و ماوه‌ی هه‌فتیه‌یه‌ك  ده‌خایه‌نێت ، له‌و ماوه‌یه‌شدا به‌به‌شداری میوانانی بیانی و ناوخۆیی  نزیكه‌ی 170 فیلم نمایش ده‌كرێن.

فوئاد جه‌ل ڕه‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا باسی ئاماده‌كاریه‌كانی بۆ به‌ستنی دووه‌مین ڤێستیڤاڵی فیلمی نێودوڵه‌تی سلێمانی كردو رایگه‌یاند زۆر باس له‌ كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم ده‌كرێت له‌سه‌ر ڤێستیڤاڵه‌كه‌، به‌ڵام تاكو ئێستا كاره‌كان وه‌ك خۆی ده‌ڕوات و له‌ رۆی 1-10 ڤێستیڤاڵه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات، ئێمه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ بۆردی ڤێستیڤاڵ و كاك مه‌لا به‌ختیار قسه‌مان كردووه‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵده‌گرین بۆ 25ی مانگ بزانین ریفراندۆم چی به‌سه‌ر دێت، ئه‌و كات به‌پێی بارودۆخه‌كه‌ بریار ده‌ده‌ین.

ده‌رباره‌ی بودجه‌ی به‌ڕێوه‌چونی ڤێستیڤاڵه‌كه‌ش وتی:هه‌موو له‌سه‌ر كیسه‌و باخه‌ڵی سه‌رمایه‌دارانی سلێمانیه‌ ، هه‌روه‌ها قوباد تاڵه‌بانیش گفتی پێداین كه‌ 70 هه‌زار دۆلارمان پێبدات ئێستا له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ خه‌ریكین، كۆی تێچووی ڤێستیڤاڵه‌كه‌ش نزیكه‌ی 500 ملیۆن دیناری عیراقیه‌.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا لینا ره‌زا به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆگرامین پلانی دووه‌مین خولی ڤێستیڤاڵی ئاشكرا كردو رایگه‌یاند رۆژی 1-10-2017 سه‌عات 6 له‌ هۆلی هونه‌ر ڤێستیڤاڵه‌كه‌ ده‌ست به‌ كاره‌كانی ده‌كات دواتر كاره‌كانی ڤێستیڤاڵ ده‌ست پێده‌كات، وتیشی  له‌ رۆژانی ڤێستیڤاڵدا  چه‌ند فیلمێكی نێوده‌وڵه‌تی وبیانی و له‌گه‌ڵ دیبه‌یت و پێشانگانگه‌ نمایش ده‌كرێت. تا رۆژی 7-10 به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌ دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانیش كۆتایی به‌ ڤێستیڤاڵه‌كه‌ دێت.

دانه‌ر عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری ڤێستیڤاڵیش رایگه‌یاند یه‌كه‌م رۆژ به‌ فیلمیێكی نێوده‌وڵه‌تی وڵاتی پیرۆ ده‌ست پێده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر نه‌بوونی فیلمی كوردیدا به‌م فیلمه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش كارێكی هه‌ڵه‌و نایاسایی نیه‌، وتیشی فه‌رشی سور بۆ هونه‌رمه‌ندانی به‌شداری ڤیستڤاڵ و هونه‌رمه‌ندانی خۆمان و میوانانی تایبه‌ت و كونسوڵگه‌ریه‌كان  راده‌خه‌ین.

 له‌ وه‌ڵامی پرسیاری میدیاكاران ده‌رباره‌ی كاریگه‌ری ریفراندۆم له‌سه‌ر ڤێستیڤاڵ و میوانانی به‌شدار و ژماره‌ی فیلمه‌كان، فوئاد جه‌ل ره‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێستیڤاڵه‌كه‌ وتی: ده‌رباره‌ی ریفراندۆم بێگومان چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی جیهانی په‌شیمان بۆنه‌ته‌وه‌ و نه‌هاتن له‌وانه‌ عادل ئیمام به‌ بیانوی ئه‌گه‌ری تێكچونی بارودۆخ په‌شیمان بویه‌وه‌، به‌ڵام له‌وه‌یه‌ له‌به‌ر هۆكاری ره‌گه‌زپه‌رستی و یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق ئه‌م بریاره‌ی دابێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی جیهانییش په‌شیمان بوونه‌وه‌، ده‌رباره‌ی میوانه‌كانیش نزیكه‌ی 150 میوانی ده‌ره‌وه‌مان( بیانی) هه‌یه‌ كه‌ به‌شداری پێشبركێیان كردووه‌، له‌ ناوخۆی هه‌رێمیش له‌ شارو شارۆچكه‌و ناحیه‌كانیش سینه‌ماكارمان بانگهێشت كردوه‌ كه‌ كۆی گشتیان ده‌گاته‌ 300 میوان.

ده‌رباره‌ی ژماره‌ی فیلمه‌كانیش لینا ره‌زا وتی: ئێمه‌ له‌ رێگه‌ی سایتی ڤێستیڤاڵ و پلاتفۆرمه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ نزیكه‌ی 9 هه‌زار فیلمان بۆ هات، دواتریش له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌كانه‌وه‌ 4 هه‌زار فیلم وه‌رگیران و ئێستاش 170 فیلم نمایش ده‌كرێن، فیلمه‌كانیش بریتین له‌ فیلمی درێژو مام ناوه‌ند و دۆكۆمێنتاری و ئه‌نیمه‌یشن.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی  بۆچی مه‌لا به‌ختیار كه‌ كه‌سێكی حیزبیه‌  چ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ ڤێستیڤاڵه‌وه‌ هه‌یه‌، فوئاد جه‌لال وتی: ڤێستیڤاڵ له‌هه‌ر شوێنێك بكرێت یان پارێزگاری ئه‌و شاره‌ یان ده‌وڵه‌مه‌ندێك ده‌بێته‌ سه‌رۆكی ڤێستیڤاڵه‌كه‌، ئێمه‌ ڕوومان له‌ هه‌ردوولا نا، به‌ڵام ئه‌و كات به‌هۆی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات سلێمانی پارێزگاری نه‌بوو، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش ده‌رگایان لێنه‌كردینه‌وه‌، له‌ كۆتایدا گه‌یشتینه‌ ئه‌وبڕوایه‌ی  كه‌ له‌گه‌ڵ كاك مه‌لا به‌ختیار دانیشتنێك بكه‌ین ئه‌ویش هاوكاری كردین بێ ئه‌وه‌ی هیچ پۆستێكی بوێت، ئێمه‌ش له‌گه‌ل هونه‌رمه‌ندانه‌ دانیشتین كه‌ پۆستێكی بده‌ین و به‌رپرسیاره‌تیه‌كی زیاتری بخه‌ینه‌ ئه‌ستۆ، بۆیه‌ بریارمان دا بیكه‌ین به‌ سه‌رۆكی ڤێستیڤاڵ و له‌سه‌ر ئه‌ركی ئه‌و ڤێستیڤاڵه‌كه‌  به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو