دەشەمزێ، لۆچ دەبێ و ھەندێک جار لەکەم لوتفی ئەھلی حەلوعەقدیش بێ ناز دەکەوێ و لەبەر سەرماو رەشەبا و داگیرکارییش ھەرەشەی لێ دەکرێ ، ئەمما قەت نانەوێ و قەت قەدی ناشکێ ئاڵای وا کە خوێنی شەھیدی بۆ دراوە ھی ئەوەیە سەری بۆ دانەوێنین
خۆشەویستی ئاڵا وەک خۆشەویستی کوردستان ڕەھاو ئەبەدییە مەرجدارو بە بەڵام و ئەگەر نییە.
ئاڵا شەکاوەیە لەبڵندی ئاسمان و لەژێر پەرچەمیدا چی دەقەومێ؟ تاوانی ئاڵا نییە، تاوانی کوردستانیش نییە کە سەرزەمینی خێر و خۆشی و سەوزەڵانیییە. تاوانی خراپەکارانە، ھی داگیرکەرانە، ھی خۆمانە کە حوکمڕانی دروست و دادپەروەری و دیموکراسییمان ھەر وەک کەرەسەی ململانێی سیاسی و پەتای ھەڵبژاردن و تەنھا بۆ تەوەلاکردنی یەکتری لەیەکتری و تەفرەدانی خەڵک دەوێت ، گوفتار و رەفتارمان گرفتاری ناکۆکی بووە ، لەگەڵ خراپەکاری و داگیرکاری راھاتووین و خۆشەبووین. ھەندێک وا دەزانن ئیستحقاقی دیموکراسیی و دادپەروەری ھی ئەوەیە دوابخرێ و پەکبخرێ چونکە گوایە مەسەلەی نەتەوە و نیشتمانەکەمان ئەولەویەتی ھەیە و ھەڕەشەمان لەسەرە. ھەندێکی تریش پێیان وایە داخوازی داد و دادپەروەری و یەکسانی
و گوزەرانی باش ئەوەدەھێنێ دەبابەی عەبادیشی بۆ بانگ بکەیت لەداخی حوکمڕانی کوردستانیی. وەک بڵێی خۆی دەسکەلای نەرم و دیموکراسیی بۆ گۆڕانکاری و نوێکردنەوەی شک نابات یان پەی پێ نابات یاخود تاقەتی لێپرسینەوە و بەشداری سیاسیی نییە. چونکە خۆی نوقمی ناوچەگەرێتی و شارچێتییە و تاقەتی کوردستان و کوردستانێتی نییە لەکاتێکدا جەوھەری ھەر چاکسازییەک نیشتمان و نەتەوەیە و ھەر ستراتیجێکی چاکسازیی و نوێبوونەوەش ئەگەر سەرتاسەری و کوردستنگیر نەبێ مەحکومە بە شکست کە خراپەکاران دەرەقەتی دێن و داگیرکارانییش ئیحتوای دەکەن.
ئاڵا بە ئاسمانەوە شەکاوەتەوە تا رەمزی ئاسۆی دوارۆژێکی گەش بێت و سەرزەمینی کوردستانیش رەمزە بۆ مانەوە و ڕەگ داکوتان. جا لەنێوان ئاسمان و زەویشدا کۆمەڵانی خەڵک خاوەنی خۆیانن و خاوەندارێتی لە ئاڵا و سەرزەمینی وڵاتی کوردستان تەواوی کوردستان بێ قاچوقوچی دابڕین دەکەن