فەرید ئەسەسەرد

لەكێشە هەڵپەسێردراوەكانەوە بۆ دایەلۆگی هەڵپەسێردراو

  2017-12-19 09:01      681 جار بینراوە        کۆمێنت

چوارشەممەی رابردوو لە كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار دكتۆر فوئاد مەعسوم لەگەڵ هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی كۆمار لە كۆشكی سەلام، داوا كرا «دەستبەجێ» دایەلۆگ لەنێوان حكومەتی فیدراڵ ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتیی سەرۆكایەتیی كۆمار‌و نەتەوە یەكگرتووەكان دەست پێبكات. پاش كۆبونەوەكەش بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆكایەتیی كۆمار رایگەیاند، بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە جێبەجێ دەكرێن.
سەرەڕای ئەوەی كە حكومەتی هەرێم تا ئێستا چەندینجار داوای دایەلۆگی لە بەغدا كردووە، بەڵام بەغدا هێشتا بڕیارینەداوە دەست بە دایەلۆگ بكات. لە كاتێكدا بەغدا خۆی لە دایەلۆگ دەدزێتەوە، حكومەتی هەرێم زۆر پەلەیە بۆ دەست پێكردنی دایەلۆگ. پەلەكردنی حكومەتی هەرێم لە دەست پێكردنی دایەلۆگ هەر بۆ پڕۆپاگەندە نییە.
لەڕاستیدا حكومەتی هەرێم جگە لەبژاردەی دایەلۆگ لەگەڵ بەغدا هیچ بژاردەیەكی دیكەی لە بەردەمدا نەماوە. بەڵام پرسیارەكە ئەوە نییە كە حكومەتی هەرێم چەند بە تەنگ دایەلۆگەوەیە لەگەڵ بەغدا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دایەلۆگی چاوەڕوانكراو تا چ ئەندازەیەك دەشێت سوودی بۆ هەرێم هەبێ‌ و رۆڵ لە چارەسەركردنی كێشەكانیدا هەبێ؟
حكومەتی هەرێم سەرەڕای بەردەوامبونی لەسەر بانگهێشت بۆ دایەلۆگ، پێناچێ هیچ ئەجندایەكی روونی بۆ دایەلۆگی سەر مێزی وتووێژ هەبێ. لێدوانەكانی ئەم دواییەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم شتێكی وایان لێ هەڵناكڕێندرێ، بەڵگەی تێڕوانینێكی رۆشن بێ بۆ پرۆسەی وتووێژ. سەرەڕای ناڕۆشنیی لێدوانەكان، لانی كەم دەتوانرێ چوار بۆچونیان لێ هەڵ بكڕێندرێ.
یەكەم، ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم خوێندنەوەی خۆی بۆ دەقەكانی دەستوور هەیە كە بە دڵنیاییەوە جیاوازە لەخوێندنەوەی حكومەتی فیدراڵ. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە شاندی دانوستانكاری هەرێم لە بەغدا هەر سەرقاڵی رونكردنەوەی تێگەیشتنی خۆی دەبێ سەبارەت بە دەقەكانی دەستوور.
لێرە كێشەكە لەوە دایە كە بوونی خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەقەكانی دەستوور، تەگەرە لە گەیشتن بە رێككەوتن دەدا‌و رەنگە بشبێ بە مایەی نەگەیشتن بە هیچ رێككەوتنێك. ئەمەش زۆرتر لە قازانجی بەغدایە كە ئێستا پەلەی دایەلۆگی نییە‌ و بە دڵنیاییەوە لەسەر مێزی گفتوگۆش پەلەی رێككەوتنی نابێ.
دووەم، ئامادەیی وتوێژ «لە چوارچێوەی دەستووردا» خاڵێكی باش‌ و كۆكەرەوەیە بەڵام ئەم باشییە بە بوونی لێكدانەوەی جیاواز بۆ دەستوور هیچ بەهایەكی نامێنێ ‌و دەپووكێتەوە، لە هەمان كاتدا كارێكی وا دەكات دەستوور وەك دیكۆمێنتێكی كۆكەرەوە نەمێنێتەوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا دانوستانەكە بنكۆڵ دەكا‌ و زەمینەكەی دەڕوخێنێ.
سێیەم، حكومەتی هەرێم پێی باشە وتووێژەكە لە بەردەم لایەنی سێیەم بەڕێوە بچێ‌ و لەم سەروبەندەدا پێی خۆشە لایەنی سێیەم كۆمیسیۆنی یونامیی نەتەوە یەكگرتووەكان بێ.
زۆربەی جار داواكردنی لایەنی سێیەم لە دانوستاندا بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە. یەكێكیان نەبوونی متمانەیە لە نێوان لایەنە دانوستانكارەكان، بۆیە لایەنێك یاخود هەردووكیان بوونی لایەنی سێیەمیان پێ باش دەبێ. دووەمیان، دەستەبەركردنی بەجێهێنانی ئەو رێككەوتنەیە كە لایەنە دانوستانكارەكان پێی دەگەن.
لە وتووێژی داهاتوودا داواكانی بەغدا لە داواكانی هەرێم زۆرترن. هەرێم ئەو لایەنەیە كە «دەیبەخشێ»، لەكاتێكدا بەغدا ئەو لایەنەیە كە «وەردەگرێ». بۆیە تای تەرازووەكە زۆرتر بەلای بەغدادا دادەشكێ نەك بەلای هەرێمدا ‌و بە هۆی ئەمەوە بوونی لایەنی سێیەم وەك لایەنێك كە دەستەبەری جیبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەكات، ئەوەندەی كە لە بەرژەوەندیی حكومەتی فیدراڵدایە، ئەوەندە لە بەرژەوەندیی حكومەتی هەرێمدا نییە ‌و لەم سۆنگەیەوە حكومەتی فیدراڵ ئەو لایەنە نابێ كە خۆی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بدزێتەوە.
چوارەم، هێشتا حكومەتی هەرێم خۆی لە دەربڕینی هەڵوێستێكی روون ‌و یەكلاكەرەوە بەرامبەر بە ئەنجامەكانی ریفراندۆم دەدزێتەوە. ئەگەر بەغدا بە هۆی فشارەوە بۆ دەستپێكردنی وتووێژ لەگەڵ هەرێم، نەرمی بنوێنێ ‌و لە قۆناغی پێش وتووێژ واز لە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ریفراندۆم بێنێ، بە دڵنیاییەوە هەمان نەرمی لەسەر مێزی وتووێژ نانوێنێ‌و لەوێ هەر داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەكات‌و ئەمەش دەكاتە مەرجی بەردەوامبونی وتووێژەكە. بۆ حكومەتی هەرێم مەسەلەكە مەسەلەی كاتە. ئایا ئێستا، پێش دەستپێكردنی وتووێژ، بۆ حكومەتی هەرێم گونجاوترە، ریفراندۆم هەڵوەشێنێتەوە یاخود پاش دەستپێكردنی دایەلۆگ، لەسەر مێزی وتووێژ، هەڵیبوەشێنێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەوەستێتە سەر میتۆدی بیركردنەوەی حكومەتی هەرێم، لە كاتێكدا كە هەردوو رێگا هەر بەرەو هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی دەبەن.
ئاڵۆزترین فایلەكانی سەر مێزی وتووێژ لە بەغدا، فایلی نەوتە. ئاڵۆزییەكە لەوە دایە كە بەبێ یەكلاكردنەوەی ئەم فایلە، گەیشتن بە سازان سەبارەت بە رێككەوتنێكی گشتگیر‌و سەقامگیر زۆر ئەستەمە. جگە لەوەی كە ئەم فایلە خۆی لە خۆیدا ئاڵۆز‌ و تێكچڕژاوە، بەشێكی دیكەی ئاڵۆزییەكە پەیوەندیی بەوە هەیە كە نە حكومەتی هەرێم تێڕوانینێكی رونی بۆ شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم فایلە هەیە، نە حكومەتی فیدرال تێڕوانینێكی رونی بۆ چۆنێتیی چارەسەركردنی ئاڵۆزییەكانی ئەم فایلە هەیە، بە تایبەتی كە ئەم فایلە هەم تێكەڵ بە مەسەلەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر حكومەتی هەرێم بووە، هەم بە هۆی گرێبەستە واژۆكراوەكانی حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوتەوە ئاڵۆسكاوتر بووە.
بە هەر حاڵ، وەك پێشتر وترا، جگە لە دایەلۆگ، حكومەتی هەرێم هیچ بژاردەیەكی دیكەی لە بەردەمدا نییە.

وتاری زیاتر








یاریكردن بەكارتی حزبی بەعس‬ فەرید ئەسەسەرد
2021-02-22 19:15      224 جار بینراوە



عەللاوی و كابینەكەی‬ فەرید ئەسەسەرد
2020-02-17 17:54      437 جار بینراوە







كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      464 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      422 جار بینراوە



نەوت و قەرزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-07-29 16:07      355 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو