ئایا دەتەوێ لەشت نەرم و هێور لەسەرخۆ بیت؟ ئایا دەتەوێ هێزی لەش و توانای سێکسیت زیاد بکات؟ ئایا دەتەوێ لە دڵەڕاوکی و سترێس رزگارت بێ و متمانەت بە خۆت زیاتر بێت؟ کەواتە بەپێی بڕۆ تا ئەتوانیت. ئەمە تازەترینی ئەوەیە کە زانست پێی گەیشتووە. سروشتی ئێستای ژیان وایە زۆربەمان بۆ ماوەیەکی درێژ دائەنیشیت و زۆرێکی ئیشوکارەکانی بەبێ ئەوەی بجوڵێت جێجەجێ دەکات، وێڕای جۆری ئەو خواردنانەی کە بە چەوری و شیرینی تێرن. هەموو ئەوانە بەرەو زیادبوونی کێش و کەم کردنەوەی ئارەزووی جووڵەکردن دەمانبات، پاشان توشبوون بە زۆر نەخۆشی. رێکردن یان رۆیشتن پێویستی بە ئامێر نییە و هیچ شتێک ناخوازێت جگە لە سووربوون.
گرنگترینیشی بەردەوامیدانە بە رۆیشتن تاوەکو پارێزگاری لە بزاوت و زیندووی لەش بکەیت. رۆیشتنی بە بەرنامە وا دەکات کە بەرگەی قورسییەکانی ژیان بگرین و بەسەر هەڵچوون و تووڕەبوونیشدا زاڵ بین. بەڵێ ناتوانین بڵێین رۆیشتن تەمەن درێژ دەکات، بەڵکو دەکرێ بە متمانەوە بڵێین، رۆیشتن یارمەتیدەرێکی کارای کوالێتی ژیانمانە بەتایبەتیش کاتێک دەچینە تەمەنەوە.
لێرەدا دەکرێ بە خێرایی ئاماژە بۆ ئەو شتانە بکەین کە دەبێ لە کاتی رۆیشتندا پەیڕەوی لێبکرێت، لەش دەبێ راست و رەوان و هاوسەنگ بێت، هەردوو قۆڵ و دەست خاو بکرێتەوە و سەریش جێگیر بێت و تۆزێک بەرز رابگیرێت و نابێ گوشار بخرێتە سەر قاچەکان و بە قووڵی هەناسە بدرێت تاوەکو هەست بە شادمانی بکەیت، کە سەلمێندراوە لەڕێی رۆیشتنەوە بەدی دێت. بێگومان لەڕێی کۆمەڵێک ئەپڵیکەیشینی سمارت فۆنەوە دەتوانرێت چەند رۆیشتووی و چەند پێچووە و بڕی ئەو سیعرە گەرمییەی سووتاندووتە چەندە ئەمش دەبێتە هاندەرێکی بەهێز بۆ بەردەوامیدان بە رۆیشتن. لەم دواییەدا، بڵاوکرایەوە کە ئابووریی جیهان بە بڕی سەد ملیار دۆلار قازانج دەکات، ئەگەر هاتوو خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژەکان بتوانن هانی فەرمانبەر و کرێکارەکانیان بدەن بۆ ئەوەی پەیڕەوی رێساکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بکەن سەبارە بە مومارەسەکردنی وەرزش.
یەک لە توێژینەوەکان بەو ئەنجامە گەیشتووە، چارەک سەعاتێک رۆیشتنی زیادە یان راکردنی لەسەرەخۆ ماوەی یەک کیلۆمەتر بە بەردەوامی ئاستی بەرهەمداری زیاد دەکات و گەشەی ئابوورییش باش دەکات. لە کۆتاییشدا، ئەوەی لێی دڵنیایین ئەوەیە، کە رۆیشتن لە خۆیدا هیچ تێچوونێکی مادی نییە بەڵام دەستهاتێکی ئابووری روونی هەیە نەک لەسەر ئاستی تاکە کەس بەڵکو لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و دەوڵەتیش.