دوو گرنگترین رووداوه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه بریتی بوون له كوشتنی عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵحی سه‌رۆكی پێشووی یه‌مه‌ن به‌ده‌ستی حوسییه‌كان و دانپێدانانی دۆناڵد تره‌مپ به قودسدا وه‌ك پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل.
هه‌میشه له‌م گۆشه‌یه‌وه هه‌وڵمداوه رۆشنایی بخه‌مه سه‌ر رووداوه ناوخۆیی و عیراقی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌گه‌رچی ئه‌و دوو رووداوه له رووكه‌شدا به دوو رووداوی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌ژمار ده‌كرێن، به‌ڵام هه‌ردوو رووداوه‌كه له جه‌وهه‌ردا ره‌هه‌ندی جیاجیایان هه‌یه‌و به‌جۆرێك له جۆره‌كان كاریگه‌ریی بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت، بۆ شرۆڤه‌ی هه‌ردوو رووداوه‌كه‌ش ده‌شێت هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر ره‌هه‌نده‌كانیان بكه‌ین و بزانین ئه‌و كاریگه‌رییانه چین كه ده‌شێت له داهاتوودا له هه‌رێمی كوردستاندا ره‌نگ بده‌نه‌وه؟
-1-
ململانێ له‌پێناوی مانه‌وه‌دا
ره‌نگه لای زۆرێك له خه‌ڵكی ئاسایی بابه‌تێكی شاراوه بێت كه بۆچی عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح-ی سه‌رۆكی یه‌مه‌ن دوای زیاتر له شه‌ش ساڵ له «به‌هاری عه‌ره‌بی» كوژرا، له‌كاتێكدا سه‌ركرده‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه دووچاری ئه‌و شه‌پۆلی خۆپیشاندانانه‌ی 2011 بوونه‌وه یان وه‌ك زه‌ینه‌لعابدین بن عه‌لی له تونس و محه‌مه‌د حوسنی موباره‌ك له‌میسر له‌ژێر گوشاری ناڕه‌زاییه‌كاندا ده‌سه‌ڵاتیان به‌جێ هێشت، یاخود وه‌كو موعه‌مه‌ر قه‌زافی دواجار كه‌وتنه ده‌ستی گرووپه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی وڵاته‌كانیان و به‌و جۆره كۆتایی به‌ژیانیان هات كه له میدیاكان و په‌یجه‌كانی سۆشیال میدیاوه له گۆشه نیگای جیاجیاوه دیمه‌نه‌كانیمان بینی، یان وه‌كو به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا كه له رووی ئه‌منی و سه‌ربازییه‌وه په‌نای بۆ ئه‌وپه‌ڕی توندوتیژیی برد به چه‌كی كیمیاییشه‌وه به‌مه‌به‌ستی مانه‌وه له‌سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات، له‌ڕووی سیاسیشه‌وه په‌نای برده به‌ر هاوپه‌یمانیكردن له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ی كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دژی ره‌وتی ئیخوانی «سه‌رپه‌رشتیاری به‌هاری عه‌ره‌بی» بوون، یان دژی به‌ره‌ی ئه‌مریكا‌و ره‌وتی رووداوه‌كان وه‌ستانه‌وه، یاخود وه‌كو پادشای به‌حرێن كه به سوودوه‌رگرتن له ناكۆكیی «سوننه- شیعه» و «ئه‌مریكا- ئێران « نه‌ك شكست به «به‌هاری شیعیی» له وڵاته‌كه‌ی بهێنێت، به‌ڵكو توانیی هاوپه‌یمانییه‌كی عه‌ره‌بیی وڵاتانی كه‌نداویشی بۆ هه‌ڵخڕێنێت به‌ناوی «درع الجزیره»و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌موو جموجۆڵێكی سیاسیی نه‌یار به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی سه‌ركوت بكات.
دۆخی یه‌مه‌ن دۆخێكی تاڕاده‌یه‌ك جیاوازبوو، بۆیه عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵحیش جیاواز له سه‌ركرده‌كانی تونس‌و میسر‌و لیبیا‌و سوریا‌و به‌حرێن، مامه‌ڵه‌ی كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت «صراع من اجل البقا‌و» ململانێ له پێناوی مانه‌وه‌دا، ئه‌و توانیی ده‌رفه‌تی ململانێی شیعه‌و سوننه به‌قازانجی كاتیی خۆی بقۆزێته‌وه، هه‌ربۆیه هێزه ئۆپۆزسیۆن و نه‌یاره‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا ئێران له‌ڕێگه‌ی هاوكاریكردنی حوسییه شیعه مه‌زهه‌به‌كانه‌وه هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌دا بسه‌پێنێت، به‌ناچاری چوونه ژێرباری مه‌رجه‌كه‌ی ساڵحه‌وه به‌وه‌ی به‌سیناریۆیه‌ك به‌ناوی «راده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات» واز له پۆستی سه‌رۆكایه‌تی بهێنێت و راده‌ستی « عه‌بد ره‌به مه‌نسور هادی» جێگری بكات، له‌به‌رامبه‌ریشدا حزبی كۆنگره‌ی میللی یه‌مه‌ن بمێنێته‌وه‌و وه‌ك حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی وڵاتانی رووخاوی» به‌هاری عه‌ره‌بی» هه‌ڵنه‌وه‌شێندرێته‌وه.
ئه‌و مه‌رجه‌ی ساڵح ململانێیه‌ك بوو له پێناوی مانه‌وه‌دا بۆ قۆناغێكی له‌بارتری گرتنه‌وه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له دیوێكی دیكه‌وه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌و وڵاته كرا‌و عه‌بد ره‌به ده‌نگی زۆرینه‌ی باشوورییه‌كان و سوننه مه‌زهه‌به‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆخۆی مسۆگه‌ركرد، ئیتر ئه‌مه زه‌نگێكی مه‌ترسیداربوو بۆ حزبه‌كه‌ی ساڵح و خودی خۆشی، چونكه له‌و حاڵه‌ته‌دا مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌بوو ده‌سه‌ڵاتی نوێ كه پێشتر وه‌ك دیفاكتۆ بووه ده‌سه‌ڵاتدار، ئیتر له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه ببێته ده‌سه‌ڵاتێكی تۆكمه‌و بگره نه‌یاره باشوورییه‌كانی به سه‌رۆكایه‌تی «عه‌لی سالم ئه‌لبێز»ی سه‌رۆكی یه‌مه‌نی باشووری جاران و سه‌رۆكی حزبی سۆشیالیستی یه‌مه‌ن كه له‌سعودیه ده‌ژی هه‌مان سیناریۆ به‌سه‌ر خۆیدا دووباره بكه‌نه‌وه، بۆیه سه‌رباری ئه‌وه‌ی چه‌ندین گه‌ڕی جه‌نگی له دژی حوسییه‌كان به‌رپاكردبوو كه له‌ساڵی 2004 دا به‌كوشتی حسێن حوسی برا گه‌وره‌ی عه‌بدولمه‌لیك حوسی سه‌ركرده‌ی ئێستای گروپی»ئه‌نساروڵڵا» ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام ساڵح بۆ مانه‌وه‌ی خۆی هاوپه‌یمانییه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه‌دا كرد‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه كوده‌تایه‌كی كتوپڕیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی عه‌بد ره‌به‌دا كرد‌و له كون فه‌یه‌كونێكدا ئه‌و دوو دوژمنه بوونه هاوپه‌یمان‌و حكومه‌ته‌كه‌ی ره‌به‌یان ئاواره‌ی تاراوگه كرد‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه زۆرێك له وڵاتانی عه‌ره‌بیی سوننه مه‌زهه‌ب به ناوی پشتیوانیی له شه‌رعییه‌ته‌وه هاوپه‌یمانییه‌كیان پێكهێناو توانیان به‌هه‌ر جۆرێك بێت ئه‌و سنووره‌ی كه جاران پێی ده‌وترا «یه‌مه‌نی باشوور» له‌ده‌ستیان ده‌ربهێننه‌وه‌و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شی له‌ده‌ستی قاعیده له‌لایه‌ك و حوسییهكانو لایه‌نگرانی عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵحدا مایه‌وه.
هه‌ژموونی حوسییه‌كان به پشتیوانیی ئێران و چه‌ند جارێك ئاراسته‌كردنی مووشه‌كی سكۆت بۆ ناو قووڵایی سعودیه له‌لایه‌ك و بوونی چه‌كدارانی قاعیده له‌لایه‌كی دیكه‌وه كارێكی كرد كه هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی به سهرۆكایه‌تیی سعودیه رۆژبه‌ڕۆژ پشتیوانیی خۆرئاوا به‌گشتی و ئه‌مریكا به‌تایبه‌تیش به‌ده‌ستبهێنێت، هه‌ربۆیه به‌و دواییانه ساڵح ویستی هه‌مان گه‌مه كه له‌گه‌ڵ حوسییه‌كان له‌دژی عه‌بد ره‌به كردبووی، ئه‌مجاره گه‌مه‌كه پێچه‌وانه بكاته‌وه‌و كوده‌تایه‌ك له‌دژی حوسییه «دوژمنه هاوپه‌یمانه‌كه‌ی» بكاته‌وه، بۆیه حوسییه‌كان نه‌یانهێشت ئه‌مجاره ساڵح گه‌مه‌كه‌ی ته‌واو بكات به‌تایبه‌تی كه بۆیان ده‌ركه‌وتبوو شكسته‌كانی ئه‌م دواییه‌یان له‌سه‌ر ده‌ستی «هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی» ساتوسه‌ودای ژێربه‌ژێری ساڵح و گروپه‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ سعودیه‌و هاوپه‌یمانه‌كانی، بۆیه به‌بڕوای ئه‌وان كوشتنی ساڵح بووه زه‌روره‌ت، له‌لایه‌ك تۆڵه‌ی شه‌ش گه‌ڕی رابردووی جه‌نگی حوسییهكانو ده‌وڵه‌تیان لێ كرده‌وه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌و «پیلانه»یان پووچه‌ڵكرده‌وه كه له‌پێناوی مانه‌وه‌ی ساڵحدا سه‌نعا له‌ده‌ستبده‌ن كه زۆربه‌ی ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه بوو.
گه‌رمبوونی جه‌نگی ئه‌م دواییه‌ی نێوان حوسییهكانو حكومه‌ته‌كه‌ی ره‌به دان ڕۆكردنێك بوو بۆ په‌لكێشكردنی راسته‌وخۆی ئێران بۆناو جه‌نگی یه‌مه‌ن، بۆیه پێناچێت كوشتنی ساڵح ته‌نها بیرۆكه‌ی خودی حوسییه‌كان بووبێت، هێنده‌ی كاركردن بووبێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێران هه‌ر له‌پشته‌وه وه‌ك گه‌مه‌كارێكی پشت په‌رده بمێنێته‌وه‌و نه‌كه‌وێته جه‌نگی راسته‌وخۆوه وه‌ك ئه‌وه‌ی له سوریا روویدا، بێگومان زیادبوون و كه‌مبوونی هه‌ژموونی ئێران له‌و جه‌نگه ئیقلیمییانه‌دا ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆش نه‌بێت ئه‌وا به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌بێت، به‌و پێیه‌ی كه ئێران هاوپه‌یمانی ستراتیژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای عیراقه كه دوای ئێران تاكه حكومه‌تی زۆرینه شیعه‌یه‌و ئێستاش گرفتی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا هه‌یه.
-2-
قودس دژایه‌تیی ئیسلام و عه‌ره‌ب یان دانه‌ڕۆیه‌كی تر؟
له‌ساڵی 1948ه‌وه كه ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل دروستبووه، فه‌له‌ستینییه‌كان به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ رۆژانه له‌گه‌ڵ كێشه‌ی داگیركاریی و گۆڕینی دیموگرافیادا به‌ره‌وڕوون، له‌و ساڵه‌وه تا جه‌نگی حوزه‌یرانی 1967 وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی «جگه له‌میسر‌و خودی فه‌له‌ستینییه‌كان» جگه له‌جه‌نگی میدیایی و خۆپیشاندان و ساتوسه‌ودا به كێشه‌ی فه‌له‌ستینه‌وه، هیچ قوربانییه‌كیان بۆ كێشه‌ی فه‌له‌ستین نه‌داوه.
دوا جه‌نگی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب بۆ كێشه‌ی فه‌له‌ستین و «زه‌وییه داگیركراوه‌كان» جه‌نگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1973 بوو، كه ئیتر میسر له‌و راستییه تێگه‌یشت كێشه‌كه ئه‌وه نییه وه‌ك سه‌رۆك جه‌مال عه‌بدولناسر پێشتر له‌كاتی هێرشی سێقۆڵی بۆسه‌ر وڵاته‌كه‌ی ده‌یوت: «انا م‌ش بحارب امریكا، دنا بحارب اسرائیل»، به‌ڵكو ئیتر میسر تێگه‌یشت له‌وه‌ی كه جه‌نگ له‌دژی ئیسرائیل، واته جه‌نگ له‌دژی به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌كان، بۆیه له‌دوای جه‌مال عه‌بدولناسر، سه‌رۆك ئه‌نوه‌ر سادات بڕیاریدا ئه‌وه‌ی به‌جه‌نگ دۆڕاندوێتی، به ئاشتی وه‌ریبگرێته‌وه‌و له‌ماوه‌ی 1973 تا 1979 هه‌وڵه‌كانی له‌سه‌رئاستی ناوخۆیی وڵاته‌كه‌ی ته‌رخان كرد بۆ بنیاتنانه‌وه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ژاریی و بێكاری و له‌سه‌ر ئاستی عه‌ره‌بی و ئیقلیمیش هه‌وڵیدا به ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا هه‌م كێشه‌ی میسر‌و ئیسرائیل به‌تایبه‌تی‌و هه‌م كێشه‌ی فه‌له‌ستین و عه‌ره‌ب و ئیسرائیل به‌گشتی چاره‌سه‌ر بكات، كه دوا قۆناغی ئه‌و هه‌وڵانه به رێككه‌وتننامه‌ی كامپ ده‌یڤید به‌ئاماده‌بوونی جێمی كارته‌ری سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا‌و مه‌ناحیم بێگن-ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له كامپ ده‌یڤید رێكه‌وتننامه‌ی ئاشتی ئیمزاكرا، به‌مه‌ش هه‌موو قوربانییه‌كانی چه‌ندین ساڵی میسر له‌پێناوی كێشه‌ی فه‌له‌ستین زه‌ڕبی سفركراو وه‌ك وڵاتێكی خیانه‌تكار له‌ناو كۆمه‌ڵی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا ناوزه‌دكرا‌و هه‌ر به‌و پاساوه‌ش له ساڵی 1981دا ئه‌نوه‌ر سادات تیرۆركرا.
ئه‌گه‌رچی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و رێكه‌وتنه تا ساڵانێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ره‌نگی نه‌دایه‌وه، به‌ڵام زۆربه‌ی وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی وێڕای سه‌ركۆنه‌كردنی میسر‌و تۆمه‌تباركردنی به خیانه‌ت، ژێربه‌ژێر كه‌وتنه رێكه‌وتنی رانه‌گه‌یه‌ندراو له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا.
رێكه‌وتننامه‌ی ئۆسلۆی نێوان یاسر عه‌ره‌فات و ئیسحاق رابین له‌ساڵی 1993و دروستبوونی ده‌وڵه‌تۆكه‌یه‌كی ئۆتۆنۆم له كه‌رتی خۆرئاوا و كه‌رتی غه‌ززه‌و گێڕانه‌وه‌ی تاباو سینا بۆ میسر به‌شێكی ئه‌نجامی ئه‌و رێكه‌وتنه بوو كه له‌نێوان سادات و بیگندا كرا، به‌ڵام كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره كه مایه‌وه له‌نێوان ئیسرائیلییه‌كان‌و فه‌له‌ستینییه‌كاندا كێشه‌ی قودس و ئۆردوگا جووله‌كه نشینه‌كان بوو له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی فه‌له‌ستین.
ره‌هه‌نده‌كانی كێشه‌ی قودس له جیهانی عه‌ره‌بی‌و ئیسلامی‌دا نموونه‌ی زۆره، كه دیارترینیان، «كه‌ركوك له نێوان عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ئابێ له‌نێوان باشووری سۆدان و ده‌وڵه‌تی سۆدان، كشمیر له‌نێوان پاكستان و هیندستان «…و هتد، ئه‌گه‌رچی هیچ لایه‌نێك له لایه‌نه‌كانی ئه‌و كێشانه به كوردیشه‌وه نایانه‌وێت بچنه ژێر ئه‌و ویسته‌ی زلهێزه‌كانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه واقیعێكه‌و مێژووی ململانێكانی چه‌ندین ده‌یه‌ی رابردوو له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه سه‌لماندوێتی كه هیچكام له لایه‌نه ململانێكار‌و به‌شه‌ڕهاتووه‌كان ئاماده‌نین هه‌ژموونی لایه‌نی دڵخوازی زلهێزه‌كان له‌و ناوچه «جێناكۆكانه» بسه‌لمێنن.
گرفتێك كه وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی به‌گشتی پێوه‌ی گیرۆده‌ن، بۆته ئاوێك‌و به‌رده‌وام ده‌كرێته ئاشی زلهێزه‌كانه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له وڵاته «عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كان به شیعه مه‌زهه‌ب و سوننه مه‌زهه‌به‌وه» كه له‌هه‌موویاندا چه‌وساندنهوه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و مه‌زهه‌بی به‌شێوه‌ی زۆر دیار‌و زه‌ق له به‌رامبه‌ر كه‌مینه‌كاندا به‌دیی ده‌كرێت، ناوچه‌ی «جێناكۆك» هه‌ن و هیچ كام له‌و وڵاتانه له هیچ سه‌رده‌م و حكومه‌تێكدا به پاساوی ره‌هه‌ندی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه نه‌ك كاریان بۆ ده‌ستبردن بۆ چاره‌سه‌ركردنیان نه‌بردووه، بگره ده‌سه‌ڵات به‌دوای ده‌سه‌ڵات، له نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بۆ ئیسلامی، بۆ كۆمۆنیست، به شێوازی جیاجیا به داهاتووی نادیاریان سپاردووه‌و تا بۆیان كرابێت گۆڕانكاریی دیمۆگرافیشیان له‌و ناوچانه‌دا كردووه، تا له‌داهاتوودا زیاتر كێشه‌كه ئاڵۆز ببێت و ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكیش هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری سیاسی، ئه‌وا به‌به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌و ئاینی سه‌رده‌ست بیشكێننه‌وه.
با زۆر له ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه دوور نه‌كه‌وینه‌وه، كه‌ركوك نموونه‌یه‌كی زیندووه، له حوكمڕانیی ئینتیدابی بریتانی و لكاندنی كوردستانی جنوبی به عیراقه‌وه كێشه‌ی كه‌ركوك دروستكراوه، ئه‌وان كێشه‌كه‌یان بۆ ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی عیراق به‌جێ هێشت، ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی سپاردی به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی قاسم، ئه‌وانیش سپاردیان به ده‌سه‌ڵاتی عارفییه‌كان‌و ئه‌وانیش به به‌كرو سه‌دام‌و به زۆرترین ته‌رحیل و ته‌عریب و گۆڕینی دیمۆگرافیاوه راده‌ستی «عیراقی نوێ» كرا، به‌وجۆره‌ش كێشه‌ی كه‌ركوك له‌باشترین حاڵه‌تیدا سپێردرا به مادده‌ی 140ی ده‌ستوور، ئه‌وه‌ش به ره‌چاوكردنی بێهێزیی ئه‌وكاتی به‌غدا‌و تاڕاده‌یه‌ك به هێزیی كورد، به‌ڵام چه‌ندین ره‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی تێكه‌ڵ به‌و كێشه‌یه كرا تا بوار نه‌بێت به‌شێوه‌ی دیالۆگ و چاره‌سه‌ركردنی سیاسیی‌و یاساییانه لایه‌نه ناكۆكه‌كان بگه‌نه چاره‌سه‌ری كۆتایی، به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ش هاوڕایی «ئێران، ئه‌مریكا، توركیا، به‌ریتانیا، فه‌رهنسا‌و هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌كان به فه‌له‌ستینیشه‌وه» له‌كاتێكدا عه‌ره‌ب له ساڵی 1948ه‌وه دژی گۆڕینی دیمۆگرافیی قودسه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، به‌ڵام بێ سێ و دوو هه‌موویان موباره‌كه‌ی داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن «سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبـی»ه‌وه كه له كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی تكریت و ئه‌نبارو موسڵدا جۆره‌ها تۆمه‌تی تایفی‌و كوشتاری به‌كۆمه‌ڵ ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ئه‌و سوپا‌و حه‌شده‌وه.
پێناچێت داننان به قودسدا وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌بێت كه گوایه تره‌مپ له سه‌رۆكه‌كانی تری ئه‌مریكا ئازاتره، یان وه‌كو ئه‌وان له سیاسه‌ت نازانێت، به‌ڵكو دۆخی ئیقلیمیی وایكردووه ئه‌مریكا له‌ڕێی تره‌مپه‌وه ئه‌و هه‌نگاوه بنێت، به‌و پێیه‌ی عیراق له‌داعش سه‌ندرایه‌وه، سنووری عیراق له‌گه‌ڵ سوریادا یه‌كیگرته‌وه، سوریا په‌یوه‌سته به‌لوبنانه‌وه‌و له لوبنانیش حزبوڵڵا باڵاده‌سته‌و به‌مه‌ش رێڕه‌وێكی ئارام بۆ ئێران كراوه‌یه تا سنووره‌كانی ئیسرائیل.
ئه‌مریكا‌و خۆرئاوا له شكسته‌كه‌ی ساڵی 1973وه مه‌ترسییان له وڵاتانی عه‌ره‌بی نه‌ماوه له‌وه‌ی ببنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئیسرائیل، به‌ڵام تاكه ترسێك كه هه‌یانه له‌و هیلاله شیعییه‌یه كه ئێستا به‌ئاشكرا سیماكه‌ی ده‌ركه‌وتووه، بۆیه ئه‌م هه‌نگاوه درێژكراوه‌ی هه‌نگاوه‌كانی راده‌ستكردنی ئه‌فغانستانه به بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له 1996 له‌وێ 9 دیپلۆماتكاری ئێرانی له مه‌زار شه‌ریف كوژران تا ئێران بێته ناو جه‌نگه‌كه‌وه، به‌ڵام ئه‌وكات ئێران زانایانه خۆی لێ ده‌ربازكرد‌و چه‌ندین سیناریۆی تر كه بۆ په‌لكێشكردنی ئێرانه بۆ جه‌نگ، به‌ڵام ئایا ئێران ئه‌مجاره ده‌كه‌وێته ئه‌و ته‌بكه‌یه‌وه؟ ئه‌گه‌ر بكه‌وێته ته‌بكه‌كه‌وه، ئه‌وا ئه‌وكات له‌سه‌ر جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی سوننه مه‌زهه‌ب به‌قورسی ده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر پاڵپشتیی ئێران نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر تێش نه‌كه‌وێت، ئه‌وا هه‌موو دروشمه‌كانی ئێران له به‌رچاوی هه‌واداران و لایه‌نگرانی له بزووتنه‌وه چه‌كدارییه شیعییه‌كانی جیهانی عه‌ره‌بی ده‌بنه بڵقی سه‌رئاو، بێگومان شكست یاخود سه‌ركه‌وتنی ئێران له‌م جه‌نگه‌دا به روودان یان روونه‌دانی، كاریگه‌ریی بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت چ وه‌ك دراوسێیه‌كی ئێران، چ وه‌ك پارچه‌یه‌كی ناچاریی له‌عیراقی حوكمڕانكراو له‌لایه‌ن شیعه‌وه، چ وه‌ك خاڵی نێوان ئێران و توركیا كه سه‌ره‌ڕای ناكۆكیی له‌مێژینه‌ی خۆیان، به‌ڵام له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد‌و كه‌ركوك به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شیان هه‌یه.