دیداری یەکەمی دانوستانی ستراتیژی نێوان ئەمریکاو عیراق کۆتایی پێهات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکی و عیراقی بڵاوکراوەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تیایدا درێژەپێدانی هەردوولایان بۆ دانوستانەکان لەمانگی داهاتوودا لەواشنتۆن جەخت کردەوە.
هەتا ئێستا چەند خاڵێک دەزانین:
یەکەم، ئەوەندە گۆڕانکاری نەکراوە لەڕێککەوتنەکەی ٢٠٠٨، تەنها ئەپدەیتکراوە یان نوێکراوەتەوە، لەڕاستیدا ڕێککەوتنەکەی ٢٠٠٨ وەک بنەما وەرگیراوە.
دووەم، زمانی بڵاوکراوەکە وەک خیتابێکی دیپلۆماسی نووسراوە کە دەیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ چەندین لایەندا بکات بەناڕاستەوخۆ، بۆ نموونە، ئاماژەدان بەوەی کە ئەمریکا هێزەکانی کەمدەکاتەوە، نیازی نییە بنکەی هەمیشەیی هەبێت لەعیراق، جەختکردنەوە لەسەر هاوکاری ئابووری و ئاسایش و بوارەکانی دیكە، زیاتر وەڵامدانەوەی هێزە شیعییە ناڕازییەکانە.
سێیەم، عیراق وەک یەکەیەکی یەکگرتوو دەبینرێت، بۆ ڕیفۆرمی عیراق ئەمریکا چاوی لەهەندێک فاکتەرە لەوانە، یاسای هەڵبژاردنی نوێ و هاتنی دەموچاوی نوێ لەڕێگای ئەو یاسا نوێیەوە.
چوارهەم، ئەمریکا دەیەوێت کۆمپانیا گەورەکانی وزەی ئەمریکا بێن بۆ عیراق هەتا لەبواری وزەدا هاوکاری کەرتی وزەی عیراق بکەن.، ئەمە رەنگە ئاماژەبێت بۆ گەشەی خێرای چین لەکەرتی وزەی عیراقدا.
پێنجەم، پرسی کوردو بەغدا، ئاماژەی پێنەکراوە، تەنها بوارێک کە قسەی لەسەر کراوە لەو بارەوە کێشەی ئاسایشی ناوچە جێناکۆکەکانە.
شەشەم، لەڕووی کەلتورەییەوە ئەمریکا ئامادەیە ئەرشیفی بەعس بۆ عیراق بگەڕێنێتەوە. ئەمە کارێکی ئێجگار خراپە، چونکە ئەرشیف و زانیاری و بەڵگەنامەو یادەوەری لەلای گەلانی عیراق هیچ نرخ و بەهایەکی نییە، بگرە بەدڵنیاییەوە هەمووی دەفەوتێت و دەفرۆشرێت و دەدزرێت.
حەوتەم، دیارە ئەمریکا ماندووە لەعیراق و دەیەوێت لەڕێگای ئەم دانوستانەوە باری گرانی عیراق لەسەر خۆی کەمبکاتەوە، لەبری ئەوەی لەژێر فشاردا سوپاکەی بکشێنێتەوە، لەڕێگای ئەم ڕێککەوتنەوە دەیکشێنێتەوە، هەرچەندە هەندێک وەهای دادەنێن ئەگەر کات دیاریکراو نەبێت بۆ کشانەوە ئەوا ناکۆتایە.