بیست و هەشت ساڵ لەمەوپێش یەکەم هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان کرا، دەکرێت بڵێین ئێمە ئەزموونی ٢٨ ساڵمان لەگەڵ دیموکراسیدا هەیە، یان بەسەدای شەقام قسە بکەین، دیموکراسی بوونی نەبووە، کەس لەدونیادا دیموکراسی بەئامادەکراوی و پاککراوی بۆ نەهێنراوە، بەشی یەکەمی چەمکی دیموکراسی خەڵکە، خەڵک بوونێکی نەبووە، هەرگیز هیچ کۆمەڵگایەک نییە خەڵك تیایدا یەک یەکە بێت، کەواتە خەڵك وەک یەکەیەک بوونی نییە، خەڵک چەمکێکی ئێجگار ئاڵۆزە دونیای ئێمە زۆر لێی دوورە، بەڵام بە ناوییەوە پیادەی دەسەڵات دەکات، لێرەدا بوارێكی ئێجگار فراوانی فەلسەفەو کردەی نوێنەرایەتی دێتە ئاراوە، لەبێ خەبەران کەشکەک سڵاوات، پلانی داهاتووم لەمیانەی پرۆژەی پەرلەماندا کارە لەسەر نوێنەرایەتی.
دیموکراسی هات بۆ دونیای ئێمە لەئەنجامی گەشەی سیاسەتی هەرێمی و ناوچەیی، لەمیانەی ئەم پرۆسەیەدا وەها پێشاندرا کە دەنگدان دیموکراسی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەوە کێیە کە دەنگ دەدات؟ لە چ ئاگایی و کەلتوورو بنەماو مەعریفەیەکەدا دەنگ دەدات؟؟ سەرەتا ئەگەر دەنگدان وەک یاری وەرزش وایە ئەوا دەبێت براوەو دۆڕاوی هەبێت، بەڵام هەر لەسەرەتاوە ئێمە نەمانتوانی چەمکی دۆڕان قبوڵ بکەین، کە دۆڕان نییە، براوەش نییە. هەرچەندە براوە، براوە هەیە، لەهەندێک دۆخدا، بەڵام لەزۆر دۆخی تردا، کاتێک نەبراوە هەیە، نە دۆڕاو، ئەوا هەموو پرۆسەکە بەتاڵ دەبێتەوە، بەڵام ئێمە بیرمان لەم رەهەندە فیکریانە نەکردووەتەوە.
سەرەتا پێش هەموو شتێک دیموکراسی ئایدیایە، ئەم ڕۆژانە بۆ کارێكی تر زۆر بیر لەچەمکی ئایدیا دەکەمەوە، چەمکی ئایدیا، یان دۆخی ئایدیایی بۆ من مایەی لوغزە، بەڵام ئێمە هەتا ئەمڕۆش بەئایدیای دیموکراسی ئاشنا نین. دیموکراسی بەجۆرێک لاوازە کە هەموو هێزەکان بڕوایان وەهایە ئەگەرهاتوو ئەویتر سەرکەوت، یان تەنها هێزێک سەرکەوت ئەوا دیموکراسی کۆتایی دێت.
هەڵبژاردن وەک پرۆسەی پیادەکردنی دیموکراسی، بەشێکە لەپرۆسەیەک کە لەگەڵ تەشەنەکردنی لیبرالیزمی جیهانیدا هاتە ئاراوە، کە تیایدا هەڵبژاردن وەک کردەیەک دەبینرێت کە خەڵکانی ئەو کۆمەڵگا دواکەوتوانە لەئەنجامی دووبارەکردنەوەی پاش چەندین جار لەپیادەکردنی فێر دەبن، کەواتە پرۆسەی فێربوون لەڕێگای پیادەکردن و دووبارەکردنەوەو سەرپەرشتیکردن و چاودێرییەوە بۆ گەلانی دواکەوتوو دەکرێت میتۆدێکی گونجاوبێت.
دیارە ئەمە رێگای دیموکراسی نییە لەڕۆژئاوا، دیموکراسی بەبێ لیبرالیزم نابێت، لەم دواییانەدا هەندێک دژە لیبرالیش لەدونیای ئێمەدا پەیدابوون، مەبەستم لەلیبرال ئەوەیە کە دەبێت تاک هەبێت، ئازادی هەبێت، دەسەڵات سنوورێکی هەبێت، مرۆڤەکان کەرامەتیان پارێزراوبێت، بۆ نموونە جەستەیان ئازارنەدرێت، نەترسێنرێن و زۆر شتی تر.
بەڵام ئێمە هێشتا ئەم بونیادانەمان لەئاستی ئایدیاشدا نییە، نەک نەریت و سیستەم. بۆ نموونە کرۆکی دیموکراسی دیبەیتە، یان پەنابردنە بەر زمان یان قسەکردن بۆ دەربڕین لەخواستەکان لەگەڵ یەکتردا لەپێناو گەیشتن بە لەیەکگەیشتنێکی هاوبەش، بەڵام بەدەگمەن کورد دەبینم توانای قسەکردنی هەبێت، جنێو قسە نییە، هەڵچوون و خۆ بە قوربانیزان و ناڵاندن و بۆڵە قسە نین.
ئەمڕۆ لەئاستی دونیادا لیبرال دیموکراسی کە دیموکراسی بۆ ئێمە هێنا، ماندووەو نەیاری زۆری هەیە، پوتینیزم، ئۆربانیزم، شی ژیاوپینگی چینی. لەهەموو ئەم سیستەمانەدا تاک بوونی نییە، ئازادی بوونی نییە، دەسەڵات سنووری نییە، کەرامەت بوونی نییە. لەلیبرال دیموکراسیدا پانتاییەک هەیە بۆ عەقڵ، بەڵام نەیارەکانی لیبرال دیموکراسی هەموو لەسەر ناعەقڵانی بونیادنراون، شوناس نا عەقڵانیە، ناسیونالیزم ناعەقڵانیە، وێناکردنی دونیا وەک نەیار ناعەقلانیە، سەرکردەی بەهێزو تاقانە نا عەقڵانییە، بەڵام ئەمانە هەموو بەناخ و دەروون و نائاگایی ئێمە ئاشنان.
من لێرەدا بانگەشە بۆ لیبرال و نیولیبرال ناکەم. چونکە هەموو فەلسەفەی لیبرال لەسەر تاک وەستاوەو وەها دەبینێت کە ئەگەر تاکەکان تێبکۆشن لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، کە ئەمە پێناسەی عەقڵانیەتی لیبرالە، ئەوا لەئەنجامدا گەشەو خۆشژیان دێتە ئاراوە، ئەم پارادایمە لەچەندین ئاستدا مایەی قەیرانە.
کۆمەڵگایەک کە نەتوانێت قسە بکات، نەزانێت ئازادی و کەرامەت چییە، نەتوانێت دان بەدۆڕاندا بنێت، خۆی لە ئیگۆی سەرکردەیەکەیدا بەرجەستە بکات، هەرگیز نابێت بەدیموکراسی، نەک دوای ٢٨ ساڵ، بەڵکو ئەگەر سفرێکیشی بۆ زیادبکرێت، ٢٨٠ ساڵ.