هەرێمی کوردستان و عیراقیش پێویستیان بە لامەرکەزییە، هەموو زلهێزەکان و ناوەندە جیهانییەکانیش ئەمە دەزانن و هەوڵدەدەن کە فەراهەمی بکەن، بەڵام کوردیش و عیراقییەکانیش لێی دەترسن، لەڕووی جیوپۆلەتیکەوە، بۆ ئەوەی ڕێگەر لەدوو دیاردەی زۆر بڵاو بگیرێت لەعیراقدا، لامەرکەزی پێویستە، ئەوانیش دیکتاتۆرییەت و شەڕە. ئەوەندە باسی عیراق ناکەم، بەڵام دۆخی کوردستان پێویستی بەجۆرێکی جیاواز لەلامەرکەزییە، لەخوارە بەکورتی سەرنجتانی بۆ رادەکێشم.
یەکەم، بۆ ئەوەی لامەرکەزی لەهەرێم وەڵامی مەرکەزییەتی هەرێم بێت، ئەوا دەبێت لامەرکەزی وەها دابڕێژرێت کە سیستەمەکە بگۆڕێت لەناوەندێتییەوە بۆ ناناوەندێتی. ئەمە پێویستی بەتێگەیشتنە لەهەردوو سیستەمەکە، ئەم تێگەیشتنە ئێستا لەئارادا نییە، هەرکارێکیش بەبێ تێگەیشتن بکرێت، شکست ئەنجامی دەبێت.
دووەم، دەبێت هەیکەلی ئیداری هەرێم سەرتاپای هەڵوەشێتەوە، نابێت پارێزگا بمێنێت، ئەم دیدەم لەمیانەی گفتوگۆیەک لەگەڵ هاوڕێم د. شێرکۆ کرمانج بۆ گەڵاڵە بوو. هەرێم دەبێت ببێت بە ٨تا ١٠ یەکەی نیمچە هاوبەش، کە بتوانن بەرپرسیارێتی ئیداری و دارایی خۆیان بگرنە ئەستۆو لەپەیوەندییەکی کێبڕکێی یەکتر تەواوکەردابن لەگەڵ یەکتردا، بەهاوکاری و سەرپەرشتی ناوەند.
سێیەم، بۆ ئەوەی ناناوەندێتی هەبێت دەبێت، ناوەند بگۆڕێت، هەندێک بوار هەیە دەبێت زیاتر ناوەندی بکرێت، وەک پێشمەرگە، ئاسایش، دادوەریی و بواری تریش.
چوارهەم، دەبێت سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێم بگۆڕدرێت بۆ سیستەمی تێکەڵ، بەڵام لەبوونی لامەرکەزیدا هەرێم پێویستی بەژوورێکی ترە لەپەرلەمان کە نوێنەرایەتی یەکەی جوگرافی بکات، نەک تاک.
پێنجەم، ئابووری سامانی سروشتی بەسروشتی مەرکەزییە، بۆیە دەبێت ئەم بوارەش بکرێتەوەو بگۆڕدرێت.
شەشەم، لامەرکەزی تەنها باش نییە، لایەنی خراپیشی هەیە، بۆ نموونە هەموو یەکە جوگرافییەکانی وڵات وەک یەک خاوەنی داهات نابن، چونکە سروشت بەدادپەروەرانە دابەش نەبووە، بۆیە دەبێت یەکەیەکی هاوسەنگکەر هەبێت لەنێواندا، کە ناوەندە، لەڕێگای بوونی بانکی تایبەت بۆ ئەو بوارە.
حەوتەم، دەبێت ئەم پرۆسەیە بەقۆناغ و زانستیانە بکرێت.