ئەم رۆژە پیرۆزە لە نەتەوەی كورد و ھەموو ئەو كوردستانیانەی بۆ دەربڕینی بیر و ڕایان ، بۆ ھۆنینەوەی راز و نیازیان، بۆ خستنەرووی داخوازی و سكاڵایان، بۆ شیعر و دڵدارییان پشت بە زمانی كوردی دەبەستن.
ھەموو لق و چڵ وپۆپەكانی زمانی كوردی شیرین و جوانن. ئەمە زمانی خانی و نالی و حاجی و گۆران و مەستورە و شەمۆ وپیرەمێرد و ھێمن و ھەژار و شێركۆ بێكەس و دەیان ئوستازی حەرف و كەلیمەن. ھەزاران فەرماندە و ئەفسەری لایق و پێشمەرگەی بە جەرگ بە نووسین و ڤەكۆلین و دوعای خێر كاریان لەسەر ئەم زمانە كردووە. لەسەر حەرفێكی خەڵك گیراوە و ئەزێت دراوە و شەھیدكراوە.
زمانی كوردی سامانی نەتەوەیی ئێمە و خەزینی مانەوەمانە لەم جوگرافیایەی ناوی كوردستانە. نەوت سامانی ژێر زەمینە كە لەوەتەی ھەیە نەفرەتی مانەوەمانە بە داگیركراوی و خێرێكی بۆ كورد نەداوەتەوە و ئێستاش مەعلومە چۆن بۆتە بەڵایەكی خۆماڵی ژیان و گوزەرانمان. زمان سامانی سەر لێو و زمان و ناو دڵان و ناو كتێبەكانی فەرھەنگمانە كە تا ماوین لێی بەھرەمەندین و خەسڵەتی رەگ و رەنگی نەتەوەكەمانە كەس لێمانی زەوت ناكات.
كەواتا پایەدار بێت زمانەكەمان و گەشەداربێت رۆژ و ساڵ و ساتەكەی.