ئەم سوارچاکەش لەقەومی رۆژنامەبوو ، لەجنسی کاغەزو مەرەکەب و وێنەو قەڵەم، لەنەتەوەی راستی و رەوانی و را-گەیاندن و را-پەسەندی بوو، ئەم عالی مەقام و عالی مەقالە پێشمەرگەی بیری باش و کرداری خاس و نیشتمانی «نان و ئازادی »بوو، بەھێمنی بیری دەکردەوەو بەوردی دەینووسی و بەدەنگی بەرز « بانگی حەق»ی دەدا.
دەیزانی بۆ «کوردستان »بانگی موحەمەد بەئاشکرا خۆشەو « بانگی کوردستان»یش «شەرارە»ی «رێیا تازە »و «رێبازی نوێ»ی «کوردستانی نوێ»یە، «ئاسۆ»ی بیرکردنەوەی زۆر فراوان بوو ،جێی «ژین» و « ژیان» و جێی «رۆژنامە»ی «خەبات »و«برایەتی» یشی تیا دەبۆوە. «لڤین» و « رۆژا نۆ»ی «سەردەم»ی بۆ «ئاشتی » و سەربەری «ئاویەر»ی بۆ «رۆژھەڵات» دەخواست. بەردەوامی بۆ «سروە»ی «مھاباد »و «ھاوار»ی «خاک»دەویست و لە ڕاستی« تێگەیشتنی ڕاستی» یش حاڵی دەبوو.
تا ما ، مامی «ھەواڵ »و «ھاووڵاتی » و ھاوەڵی میدیای نیشتمانی میدیا بوو، «ئاوێنە»ی بەر ھەتاوی ئامانج روون بوو، تا ماویشین ماوەی فەرامۆشی یادمانی نادەین.
نەتەوەیەک لەسەر کاغەزو جەنگاوەرێک لەسەر زەمینی ئیلتزام بەمەسئەلەی خاک و خەڵک و خاوەندارێتی لەقەڵەمڕەوی قەڵەم، جەلال و شکۆی دابوو بەپیشەی صاحب الجلاله، ئەم فەخامەتی رۆژنامەوانە.
قەڵەم شکاو موڕەککەب رژاو نامە نەما
لە داخی قافییە تا خۆی گەیاندە ئاھ و ئەنین- حاجی قادری کۆیی»