ستران عەبدوڵڵا

سەرۆک مام جەلال لەبیرەوەرییەکانی ئیریک رۆلودا

  2020-04-06 16:47      393 جار بینراوە        کۆمێنت

  تەکتیکەکانی دەگۆڕان، بەڵام ستراتیجەکەی وەفاداری بەرژەوەندی گەلەکەی بوو
رۆژانی کەرەنتینەی ناچاری دەرفەتە بۆ خوێندنەوەی هەمەلایەنە، بەتایبەتی خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی هەم پێداچوونەوەن بەڕووداوو بەسەرهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەردەمی رۆمانسی شۆڕشگێڕی و بەریەککەوتنی زلهێزەکان لەسەر گۆڕەپانی بەرژەوەندی و ماف و هەم ئەزموونی رۆژنامەوانی شایانی لێوەفێربوونە بۆ رۆژنامەنووسانی وەک ئێمە مانان.
بیرەوەرییەکانی ئەریک رولوی رۆژنامەوان و دیپلۆماتی فەرەنسی کە پێش وەفاتی بڵاویکردۆتەوە، یەکێکە لەو کتێبانەی بەتام و چێژو زانیارییەکی زۆرەوە قەرەبووی رۆژانی پەلەپەلی کارو رۆژانی ئێستای خۆدابڕانی ناچاری کەرەنتینە دەکاتەوە.
کتێبی ( فی کوالیس الشرق الڕوسگ _ مژکرات ێحفی بجریدە لوموند) بە شێوازی گێڕانەوەی نەرم و رۆمانئامێز هەڵسەنگاندن بۆ پەنجا ساڵ ململانێکانی نەتەوەو وڵاتەکان و زلهێزەکان لەڕۆژهەڵات دەکات.
لەڕوانگەی رۆژنامەنووسێکی شارەزاو دیپلۆماتێکی دیفاکتۆوە لەسەر کێشەکانی میسر لەناوخۆو لەگەڵ دەوروبەری. قسە لەسەر کێشەکانی هەناوی ئیسرائیل و دراوسێکانی، فەلەستین و بزووتنەوە رزگاریخوازی و چەپ و لیبرالییەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەکات.
لەقاهیرەی سەردەمی شا فاروق و شەڕی فەلەستین و ئینجا دابەشکردنی و دوایی دەرکردنی جولەکە لە میسر کە ئەریک رولو خۆی یەکێک بوو لەوانە تا قاهیرەی سەردەمی سۆشیالیستەکەی عەبدولناسرو وەرگۆڕانە گەورەکانی دابەشکردنەوەی سەروەت و سامان بەسەر هەژارو عەشایەر، شۆڕشگێڕو بیرۆکراتەکانی کۆماری عەرەبی میسر، بەتانوپۆی رووداوەکاندا دەچێتە خوارەوە.
لەڕووماڵی بەسەرهاتەکانەوە تا دانیشتنە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ دەستەبژێری سیاسی رۆژهەڵات و ئینجا رەخنە قووڵەکانی لەدیدی مارکسییەکی دێرینەوە.
رۆژنامەوانی سەنگین و دێرینی رۆژنامەی سەنگین و دێرینی لۆمۆند هەگبەیەکی دەوڵەمەندی بەسەرهات و کارەسات و وردەکاری تەوزیف دەکات تا وەکو شایەتێکی بەشدارو چاودێر دۆسییەیەکی تێرو تەسەل لەسەر ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندە بنووسێتەوە کە شایانی ناوی ئەریک رولو بێت.
ئەگەرچی لەدۆسێی کورد لەڕۆژهەڵاتە قەرەباڵغەکەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا لەتیمی رۆژنامەنووسانی دیپلۆماتدا زیاتر ناوی یەفگینی پریماکۆف دێت، بەڵام رولوی بەئەسڵ جولەکەی میسری و بەبژاردەی ژیان فەرەنسی لەچەند گێڕانەوەیەکدا ناوی هاوشانی کوردو مەسەلەکەی دێت.
ئەریک بەقەدەر جیاوازی گێڕانەوەی فەرەنسی لەگێڕانەوەی سۆڤێتی شێوەی گێڕانەوەکەی چێژ بەخشترە.بەداڕشتنی مەحکەم و شرۆڤەی فیکری قوڵ رووداوەکان دەگێڕێتەوە
ئەو کە لەچەند دیداری تەلەفزیۆنیدا باسی کوردو شۆرش و سەرکردەکانی دەکات، لەم کتێبەشدا ئەگەرچی بەڕاگوزەریش بێت هەر دێتەوە سەر کورد، ئەوەی لەم سەفەرە دوورو درێژەیدا لەسەر کورد نووسیویەتی و بەشێکی جوانی رارەوی کتێبەکەیەتی باسی ناسینی سەرۆک مام جەلالە، ئەریک رولو لەسەردەمی ناسرێتی مام جەلال لەقاهیرە مامی بینیوەو هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.
پێدەچێ کاتەکەی دیداری لەگەڵ مام جەلال هی ساڵی 1963 بێت کە مام جەلال وەک سەرۆکی وەفدی کوردی لەدانوستانی شۆڕشی کوردو بەعسی یەکەمدا دەچێتە قاهیرەو دیدەنی سەرۆک عەبدولناسر دەکات بۆ ئەوەی بەهانەی بەعسییە ناسیۆنالیستەکان ببڕێت کە دەیانگوت لەترسی عەبدولناسر ناوێرین مافەکانی کورد بدەین.
ئەوە بوو ناسر پشتیوانی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان کردو سیحری بەعسییەکانی بەتاڵ کردەوە.
ئەریک لەسەر دیداری مام جەلال لەمیوانداری قاهیرەی ناسردا دەڵێت:
« هەرچی جەلال تاڵەبانیشە کە ئەوکاتە فەرماندەیەکی سەربازی بوو لای رابەری راپەڕینی کورد مەلا مستەفای بارزانی ، ئەوا سوێندی هەر بەسەری عەبدولناسر دەخوارد کە شەرەفی دیدەنی پێدابوو و پشتیوانی خەباتی گەلی کوردی لەپێناو بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ دووپاتکردبۆوە، ئەو هەڵوێستەی سەرۆک ناسر هەڵوێستێکی بەجورئەت بوو لەڕەوشێکدا کە یەکێتی عەرەبی زۆر بەئاسانی تێکەڵ بەشۆفینیزم دەبوو.
هاوڕێیەتی لەگەڵ جەلال پەیوەستی کردم کە چەندینجار دیدەنیم لەگەڵی هەبوو، لەڕاڕەوەکانی بەرخودانی کوردی لەعیراق ، هەروەها لەبەغدا، لەبەیروت، لەتاران و ئەنقەرەو پاریسیش.
قسەکردنی کەمەندکێش بوو، بەهەستە خۆش مەشرەبیەکەی و گیانی تەنز ئامێزی زۆر بەئاسانی لایەنگیری، نەیاری و هاوپەیمانەکانی و بگرە ئایدەلۆژیای خۆی دەگۆڕی، کە ماویست و رەوتی تر بوو. تەنانەت لەگەڵ سەددام حسێنیش گەیشتە لێکگەیشتن.
تەکنیکەکانی بەگوێرەی بارودۆخ دەگۆڕا، بەڵام ستراتیژەکەی جێگیرو پتەو بوو، نەدەگۆڕا. چونکە هەر بەوەفاداری خواستەکانی گەلەکەی مایەوە، سەرەنجام گەیشتە لووتکەی رەوتی کارو کۆششی ساتێک دوای خستنی سەددام حسێن لەساڵی 2003 بەسەرۆک کۆماری عیراق هەڵبژێردرا.
وەفاداری ئەو بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان کە پێش گرتنی عیراق و دوای ئەوەش پارێزەری کوردەکان بوو، وەفادارییەکی نموونەیی بوو. .. لاپەڕە 44_45 کتێبەکەی ئەریک رۆلۆ.»
ئەمڕۆ کە رۆژی مێژوویی ھەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلالە وەک یەکەم پێشمەرگەو یەکەم کوردو یەکەم عیراقیش کە بەھەڵبژاردن دەبێتە سەرۆک، ھەڵسەنگاندنی کتێبی « لەپێچاوپێچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست» بۆ کەسایەتی رابەرو سەرۆک مام جەلال فێنکاییە بۆ دڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و بژاردەی عێراقی فیدرالی و تەوافوقی کە خەریکە لەم زەمەنی کۆرۆنایەدا عیراقییەکان لەدەستی دەدەن.
ھەرەوەھا دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی ھیمەت بۆ پرۆژەیەکی رووناکبیری و سیاسیی بکەین کە وا بێت ھەرچی لەکتێبی خەواجەو بێگانان، لەڕۆژنامەوان و دیپلۆمات و سیاسەتکاران و نووسەران لەسەر مام وتوویانەو تۆماریان کردووە گوڵبژێر بکەین بیکەینە دیاری بۆ رەفەکانی کتێبخانەی کوردی.

وتاری زیاتر

زمان، رێڕەوی غەمگینی نەتەوە‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-02-21 18:04      98 جار بینراوە





ئەو شەوەی شەوی پێشمەرگە بوو‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-08-02 22:00      183 جار بینراوە

شنەی شەماڵ بە فیڕۆی دا‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-06-26 12:10      91 جار بینراوە


رۆژی نامەو نامەی رۆژ‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-04-23 18:39      233 جار بینراوە

کورت و پوخت ‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-01-10 20:52      237 جار بینراوە

بۆشایی ئەمنی ‌و بۆشایی تریش ‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-12-04 20:52      149 جار بینراوە

زۆر بڵێی و کەم عەمەلی‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-10-23 22:08      138 جار بینراوە

بەیانیت باش مام جەلال‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-10-03 12:06      172 جار بینراوە














با دوا فه‌رمان بێت ‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-08-03 23:37      304 جار بینراوە


رۆژی دواتر یەک ببینینەوە‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-07-17 18:01      278 جار بینراوە

یان کوردستان یان کوردستان‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-06-28 16:22      293 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو