لەماوەی پێشوودا ڤایرۆسی کۆرۆنا تەواوی جیهانی گرتەوە، مردن و تووشبوونی هەرکەسێک و نەتەوەیەک لەلای من مایەی ناڕەحەتی بوو، بەڕاستی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە جگە لە مردن، ماڵوێرانیی گەورەشی بۆ مرۆڤایەتی هێناوە و چەندین ساڵیشی دەوێت تا قەرەبووی ئەو زەرەرو زیانە گەورەیە بکرێتەوە کە بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە تووشی جیهان بوو.
بەڵام یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆر بەقوورسی ئەم ڤایرۆسە پەلاماری داوە ئیتالیایە، بەڕاستی زۆر کاری تێکردم، ئەمەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار.
ئیتالیا نەک بۆ من، بگرە لەلای هەموو جیهانیش جوانە، چونکە لێرەوە چرای رێنینسانس هەڵکراو ئەوروپای لەتاریکی سەدەکانی ناڤین رزگارکرد، هەر لێرەشەوە بوو کە هونەری وێنەکێشان، ئۆپێرا، زانستی مۆدێرن، بانک، زانستی سیاسی و حوکمداری، چیرۆکی نوێ، زمانی لۆکاڵی، رۆژنامەگەریی و زۆر شتی تریش لەدایکبوون، بۆیە مرۆڤایەتی خۆی بە قەرزارباری ئیتالییەکان دەزانێت.
ئیتالیا چەندین وێنەی جوان و مەزنی لەلای من هەیە و ئەوانەشی ئیتالیا ناسن، دەزانن چەندە ئەم وڵاتە جوان و مەزنە. لەوانەبێت هیچ وڵاتێک هێندەی ئیتالیا دیمەنی جوانی نەبێت، سروشتەکەی، گەلەکەی، شارستانیەتەکەی، هەمووی جوانە.
لێرەوە بوو، یەکێک لە گەورەترین شارستانییەکانی مرۆڤایەتیی لەدایکبوو کە ئەویش شارستانیی رۆمانییە، ئەم شارستانیەتە لەچەندین رووەوە خزمەتی زۆری بە مرۆڤایەتی کردووە، بەتایبەتی لە رووی شێوازی حوکمڕانی، زانست و فیکرو فەلسەفەدا.
لەکاتێکدا ئیتالیا خاوەنی شارستانی بوو، بەشێکی زۆری ئەوروپا لە قۆناغی بەربەرییەتدا بووە، تەنانەت کاتێکیش خێڵە جێرمەنییە بەربەرییەکان، ئیتالیا داگیردەکەن، ناتوانن گەل و کەلتوورە مەزنەکەی داگیربکەن.
لێرەوە بوو، شۆڕشێکی فیکریی و هونەریی و سیاسی گەورە لەدژی تاریکبینی و دواکەوتوویی سەدەکانی ناڤین بەرپابوو کە ئەویش رێنیسانسە. ئەوە بیرمەندان و هونەرمەندانی ئیتالی بوون، کە چرای رێنینسانسیان هەڵگرت و دواتریش نەک ئیتالیا، بەڵکو هەموو ئەوروپا و جیهانیشیان رۆشنکردەوە.
لێرەوە بوو، دانتی لەدایک بوو، کە جگە لەوەی ” کۆمیدیایی خوایی” کەی لەڕووی ناوەڕۆکەوە زۆر گرنگە و بەیەکێک لەدەقە جوانە شیعرییەکانی ئەدەبیاتی جیهان دەژمێردرێت، لەهەمانکاتیشدا لەڕووی زمانەوانییەوە گرنگە، چونکە لێرەوە گرنگی درا بەزمانی لۆکاڵیی و لەژێر هەژموونی زمانی لاتینی ئەوروپادا رزگاری بوو.
لێرەوە بوو، جۆڤانی بۆکاچیۆ شۆڕشێکی ئەدەبی گەورەی بەرپاکرد و بەردی بناغەی چیرۆکی ئەوروپی نوێی دانا، کە هەتا ئێستاش کتێبی “دی کامیرۆن” بەیەکێک لەکتێبە مەزن و دانسقەکانی ئەدەبیاتی ئەوروپاو جیهان دادەنرێت.
لێرەوە بوو، مایکل ئەنجیلۆو لیۆناردۆ داڤینشی و هاوەڵەکانی دیکەیان، شۆڕشی گەورەی هونەرییان کردو هونەریان لەچنگی سەدە تاریکەکان رزگارکرد. تەنانەت هەر ئەوانیش بوون کە پەرەیان بەزانستی ئەندازیاریی دا.
لێرەوە بوو، گالیلۆ بناغەی زانستی نوێی جیهانی داڕشت و دژایەتیی کڵێسای کردو زانستی لە ژێر عەبای دواکەوتووی سەدەکانی ناڤین زرگارکرد، هەربۆیە بە باوکی زانستی نوێ دادەنرێت لە جیهاندا. ستیڤ کۆهینگ کە ئێستا مەزنترین زانای جیهانە، دەڵێت: گالیلۆ، باوک و مامۆستا و دامەزرێنەری زانستی نوێی جیهانە. ”
لێرەوە بوو، بانک و سیستمی بانکی لەدایکبوو، کە لەئێستادا بە بڕبڕەی ئابووری جیهان دادەنرێت.
لێرەوە بوو، رۆژنامەگەریی ” گەزەتە” لەدایکبوو، کە ئێستا بە بەشێکی گرنگی ژیانی کۆمەڵگەکان دادەنرێت.
لێرەوە بوو، ئۆپێرا لەدایکبوو، کە یەکێکە لە ژانرە جوانەکانی هونەر لە جیهاندا.
لێرەوە بوو، لێرەوە بوو… بەڕاستی هەتا سبەی دابنیشین لە باسکردنی داهێنانەکانی ئیتالیا کە پێشکەشی جیهانی کردووە، تەواو نابێت.
بەڕاستی کاتێک سەیری مێژووی ئەم وڵاتە دەکەیت، سەرسام دەبیت بەو هەموو داهێنانە جوانانەی کە پێشكەشی مرۆڤایەتییان کردووە، مێژووی ئیتالیا تەنها ساڵانی حوکمی بینتۆ مۆسۆلینی و فاشیزم نەبێت، کە دیمەنێکی ناشیرینی هەیە، ئەوی تری هەمووی جوانە. هەرچەندە لەپەنا فاشیزمیشدا، خەباتێکی زۆر مەزن و جوانیش دەبینین، کە گەلی ئیتالیا لەدژی فاشیزم کردوویەتی، ئەمەش تاڕادەیەک ئەو دیمەنەی لاوازکردووە.
من کاتێک کتێبەکەی بالمیرۆ تۆلیاتیم خوێندەوە، سەرسامی کردم، ئیلهامی ئەوەشی پێبەخشیم، کە دواتر کتێبێک لەبارەی فاشیزمەوە بنووسم. باوەڕناکەم هیج کەسێک هێندەی تۆلیاتی، ناشیرینی فاشیزمی بە جیهان ناساندبێت.
سەرەتا لە رێگەی رۆمانەکانی “ئەلبێرتۆ مۆرافیی”ەوە کەمێک ئیتالیام ناسی، بەتایبەتی ئاگاداری ژیانی کۆمەڵایەتیی بەشێکی ئیتالییەکان بووم، دواتریش لەرێگەی چیرۆک و شانۆکانی “پیراندیلۆ” شەوە، زانیاری زۆرم پەیداکرد، بەتایبەتی لەبارەی ناوچەکانی سیسلیا و باشووری ئیتالیا. هەرئەمەش وایکرد کە بەشێك لە شانۆ، چیرۆک و ژییاننامەکەی بکەم بە کوردی.
کاتێکیش بۆ یەکەمجار سەردانی ئیتالیام کرد، بەراستی سروشتە دڵڕفێنەکەی سەرسامی کردم، بەتایبەتی دەریا جوانەکەی ئەدریاتیک، هەستێکی زۆر جوانی پێبەخشیم و جوانیی دەریام بۆ دەرکەوت.
من لە شاری بارییەوە واتە لە باشوورەوە بە شەمەندەفەر بۆ تۆرینتۆی باکووری ئیتالیا چووم، شارەکانی رۆما، میلانۆ، ڤینیسیا، جەنوا، تووشی سەرسامییەکی گەورەی کردم. کە دەچیتە ئەم وڵاتەوە، شارەکانی خۆی لە خۆیدا مۆزەخانەیەکی گەورەیە، لەپشت بەردو داری ئەم وڵاتەشەوە، مرۆڤێکی ماندوو دەبینیت، تاوەکو دیمەنێکی جوان پێشکەشی تۆی گەشتیار بکات.
ئەو ماوەیەی کە لە فەرەنسا و ئەڵمانیا دەژیام، خەڵكێکی زۆری ئیتالیم ناسی، کە هەموویان کەسانی بەڕێز، کۆمەڵایەتی، میواندۆست، خۆش مەشرەف بوون. ئەمانیش هێندەی تر ئیتالیایان لا خۆشەویست کردم، بەتایبەتی زمانە جوانەکەی، کە مۆسیقایەکی زۆر جوانی هەیە.
بەڵام ئێستا کە دەبینم ئەم وڵاتە جوانە لەلایەن کوشندەترین ڤایرۆسەوە پەلامار دەدرێت، زۆرم پێناخۆشە. بەراستی پێم سەیربوو ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە چۆن دڵی هات پەلاماری ئەم وڵاتە جوانە بدات؟ چۆن دەستی چۆتە بینی هەزاران کەسی بێتاوانی ئەم وڵاتەوە، کە هەموویان خاوەنی کەسایەتییەکی مرۆڤدۆست و میواندۆستن. لە کاتێکدا لە جیهاندا خەڵکی تاوانکار و خراپ زۆر هەیە، ئەم ڤایرۆسە پەلاماریان بدات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من دڵنییام ئیتالییەکان بەسەر ئەم دوژمنە کوشندەیەشدا سەردەکەون و لەکۆتاییدا جوانییەکی ئیتالیا، بەسەر ئەم ڤایرۆسە ناشیرینەدا سەردەکەوێت و دووبارە دەتوانین بڵێین: ” بێلا ئیتالیا، جوانە ئیتالیا”.