ستران عەبدوڵڵا

دوو دیوی ناڕەزایەتییەكانی عیراق

  2020-01-31 17:53      356 جار بینراوە        کۆمێنت

رەوتی خۆپیشاندانەكانی عیراق گوزارشتێكی دووپاتە لەسەر پرەنسیپی هەموو دیاردەیەك دوو دیوی هەیە. دیالێكتێكی بەرجەستەیە لەسەر دوو دیوی هەر مەسەلەیەك.
خۆپیشاندانەكان (رەوا)ن، چونكە دەستەبژێری حوكمڕان، كە لێرە زیاتر دەستەبژێری شیعە دەگرێتەوە، شكستیان هێنا لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی پۆست رژێمی بەعس (2005-2019). بەڵگە ئەوەیە وڵاتێكی خاوەن نەوت، گوزەرانی خەڵكەكەی بەوشێوە كە لە تاوا شۆڕشیان بەرپا كردووە. مانای وایە ئەم دەستەبژێرە ئابووری وڵاتی هیلاك ‌و هەلا هەلا كردووە، سەرەڕای سامانی نەوت ‌و دەستەخوشكەكانی لە دەرامەتەكانی كە دەبووایە باعیسی ئاوەدانی ‌و گەشەكردن بێت.
هەروەها ئەم دەستەبژێرە لە ئیدارەی دیموكراسییانەی وڵاتیشدا كورتی هێناوە. بەڵگەش بۆ ئەم ئیدعایە، سەرەڕای نۆبەتی دیموكراسیی هەڵبژاردن، بوونی حكومەتی بەغدا ‌و حكومەتە لۆكاڵییەكانی نوێنەرایەتی لە چوارچێوەی دەستوورێكی گەلپەسەنددا، كەچی عیراقییە ناڕازییەكان ناچارن بۆ گوزارشتكردن لە ویست ‌و داخوازیی خۆیان، پەنا بۆ بژاردە سەرەتاییەكەی دیموكراسیی ببەن كە ئەویش خۆپیشاندان ‌و جووڵاندنی شەقامە. راستە خۆپیشاندان مافێكی دەستووری ‌و دیموكراسیشە، بەڵام بژاردەی شەقام ئەوكاتە دەبێتە پەناگە كە بژاردە دیموكراسییەكانی تر لە هەڵبژاردن، پەرلەمان ‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان ‌و هەموو دامەزراوە هەڵبژێردراوەكان شێوێنرابن.
وا ئێستا لە دیدی خۆپیشاندەرانەوە ئەم دەزگایانە لەجیاتی ئەوەی نوێنەرایەتی داخوازی ‌و پێویستی خەڵك بكەن، خۆیان بوونەتە بەڵای دەوری ‌و دووبارە.
ئەم خۆپیشاندانانە وەكو لە داخوازیدا (رەوا)ن، لێ لە بەرنامە ‌و ئامانجدا (رەوان) نین. واتا روون نییە كە لە كوێوە بۆ كوێ دەڕۆن؟.
ماوەیەكی زۆرە لەسەر شەقامە كەچی نە سەركردایەتی مەیدانی بۆ خۆی دروستكردووە ‌و نە هێزە حەریفەكانی سیاسەت توانیویانە درزی تێبخەن ‌و خۆیان سەركردایەتی بكەن. ئەمەش سەری كێشاوە بۆ پەرچەكرداری گرژ، راستە گرژییەكی مەدەنییە لە بەرامبەر گرژی توندوتیژی حكومەت ‌و دەزگا ئاشكرا و نادیارەكانی دەسەڵاتە جۆراوجۆرەكان، بەڵام پەرچەكرداری گرژی سیاسیی خۆپیشاندەران وای لێ دەكەوێتەوە كە هەر هەموو شتێك رەت دەكاتەوە، بێ ئەوەی بزانێ ئەلتەرناتیڤی چییە؟.
نا (رەوان)ی لە جووڵانەوەی (رەوا) دا بە دەردی خۆپیشاندانەكان ‌و ئامانجەكانیان ناخوات. بۆیە سەرەڕای ئامانجی بەدیهاتووی خستنی كابینەی حكومەت ‌و بەدەستهێنانی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن، هێشتا مەترسی لەسەر ئاكامی ئەم بزاوتە هەیە. دیوی خراپی ئەم ناڕەزایەتییە (رەوا)یە، مەیلێكی شۆڤێنییە بەرامبەر بە كورد كە هەرگیز گیانی نیشتمانپەروەری ‌و عیراقێتی پاكژی خۆپیشاندەران ناتوانێت شەفاعەتی بۆ بكات. عیراقێتی بێ روونكردنەوەی هەڵوێست لە كوردستان ‌و مافە رەواكانی، دیوێكی تری عروبە ‌و شۆڤێنێتییە. خۆی لە بنچینەدا كورد لە تاوی عروبەی شۆڤێنی لە خراپییەكانی عیراقێتی بێ خوردكردنەوە، خۆی بێدەنگ كردووە، دەنا عیراقێتی ‌و عروبە هەریەك ئاكام بەدەستەوە دەدەن: قاودانی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عیراق، بێ زامنكردنی مافە رەواكانی.
نابێ كەموكوڕی لێرەو لەوێی سیاسەتی كوردستانیی ببێتە بیانووی شەقامی عیراقی ناڕازی تا وەكو مەیلی شۆڤێنی بەرامبەر گەلی كوردستان بخەنە كار، رێك وەك ئەوەی راڕەوەكانی هەندێك لە دەستەبژێری حوكمڕانی عیراقی بەرامبەر بە كورد پەیڕەوی لێ دەكەن. سەیرە كە راڕەوەكانی دەستەبژێری حوكمڕان ‌و شەقامەكانی ناڕازیش پێشبڕكێ بكەن لە مەیلی شۆڤێنی دەرهەق بە كورد! ئەم دەركەوتە چەند ناڕەوایە، مانای ئەوە ناگەیەنێت كە كورد دیوە باشەكانی ناڕەزایی شەقامی شیعە ‌و دیوە باشەكانی دەستەبژێری حوكمڕان نەبینێت. دەستەبژێرەكە مافەكانی كوردی لە دەستوور ئیمزا كردووە، با ئێستا هەوڵی كەمكردنەوەشی بدات. شەقامیش جووڵەی ئایندەی پێیە، بۆیە چاک دەکەین ھامشۆمان لەگەڵیان ھەبێت.
جا وەكو سیاسەتی دەستەبژێری حوكمڕان لە كوردستان لەگەڵ شیعەی رەسمی مامەڵە دەكەن، خراپ نییە هەردووكیان (یەكێتی ‌و پارتی) لینكێكی پەیوەندیی لەگەڵ شەقامیش بكەنەوە بۆ تێگەیشتن ‌و تێگەیاندن ‌و هەروەها بۆ سەد گریمانە ‌و ئەگەری پێشبینی نەكراوی تر. لەمەشدا كۆمەڵی مەدەنی كوردستانیی دەتوانێت رۆڵ بگێڕێ ‌و رۆڵی پێبسپێردرێت. خۆ كۆمەڵی مەدەنی هەر ئەوە نییە كە چەند رۆژە سەرقاڵی قیوقالی لابەلا كراوە. خۆ كۆمەڵی مەدەنیش ئەركی نەتەوەیی پێدەكرێت.

وتاری زیاتر


رۆژی نامەو نامەی رۆژ‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-04-23 18:39      85 جار بینراوە

کورت و پوخت ‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-01-10 20:52      172 جار بینراوە

بۆشایی ئەمنی ‌و بۆشایی تریش ‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-12-04 20:52      109 جار بینراوە

زۆر بڵێی و کەم عەمەلی‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-10-23 22:08      101 جار بینراوە

بەیانیت باش مام جەلال‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-10-03 12:06      140 جار بینراوە














با دوا فه‌رمان بێت ‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-08-03 23:37      281 جار بینراوە


رۆژی دواتر یەک ببینینەوە‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-07-17 18:01      257 جار بینراوە

یان کوردستان یان کوردستان‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-06-28 16:22      270 جار بینراوە

یادی یەكێتی‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-05-18 16:14      353 جار بینراوە

ئەمڕۆ 15-5 رۆژی زمانی كوردییە‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-05-15 13:17      313 جار بینراوە






نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو